وەزارەتی پەروەردەی عێراق: منداڵانی داون لە قوتابخانە وەربگیرێن

08-09-2025
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، رێگە بە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی عێراق دراوە، منداڵانی داون لە قوتابخانە سەرەتاییەکان بەگوێرەی پرۆگرامەکانی پەروەردەی تایبەت وەربگرن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 8ی ئەیلوول مەنسور مونزری، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "بەپێی نووسراوێک کە لە وەزارەتەوە دەرچووە، وەکو وەڵامێک بۆ داواکارییەکانی دایک و باوکی منداڵانی داون، هیچ رێگرییەک نییە لە وەرگرتنیان بەگوێرەی پرۆگرامەکانی پەروەردەی تایبەت."
 
مەرجی وەرگرتنی منداڵانی داون ئەوەیە کە توانای وەڵامدانەوە و پابەندبوونیان بە پرۆگرامی خوێندن هەبێت.
 

مەنسور مونزری گوتیشی، "ئەمڕۆ دووشەممە، یەکەم رۆژی جێبەجێکردنی بڕیارەکەیە، دوو لیژنەی پزیشکی (لیژنەی پۆلەکانی پەروەردەی تایبەت) و لیژنەی هەمیشەیی پەروەردەی تایبەت، کە لە تۆماری فەرمانە قوتابخانەییەکاندا پێکهێندراون لەنێو قوتابخانەکان بۆ ئەنجامدانی رێکارەکانی وەرگرتنیان."
 
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکووک دەشڵێت، "منداڵانی داون هەمان دۆخی منداڵانی ئاساییان دەبێت و لەیەک پۆل دادەنرێن و  جیاناکرێنەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە