وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەیەوێت تاوەکو کۆتایی 2025 عێراقییەکانی کەمپی هۆل بگەڕێنێتەوە

08-09-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق پلانی ئەوەی هەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، سەرجەم ئەو عێراقییانە بگەڕێنێتەوە کە لە کەمپی هۆلی رۆژئاوای کوردستانن، بەڵام هێشتا چارەسەری دۆسیەی ئەو خێزانانە نەکراوە کە نایانەوێت بگەڕێنەوە.
 
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەک پلانی وەزارەتەکەی کۆتایی ئەم ساڵ دیاریکراوە بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو خێزانە عێراقییانە بگەڕێننەوە کە لە کەمپی هۆلن.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی کەمپی هۆل، نزیکەی 27 هەزار کەس لە کەمپەکەن، 15 هەزاریان سووریایین و پێنج هەزاریان عێراقین، ئەوانی دیکە هاووڵاتیی 42 وڵاتی دیکەن.
 
عەلی جەهانگیر رایگەیاند، گەڕاندنەوەی ئەو خێزانانە خۆویستانەیە، بەڵام هەندێکیان داواکراون وەک خێزانی چەکدارانی داعش، نایانەوێت بگەڕێنەوە و تاوەکو ئێستا چارەسەری ئەو پرسە نەکراوە.
 
لە ساڵی 2021ـەوە گەڕانەوەی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل دەستی پێکردووە و مانگی ئابی رابردوو 29یەمین کاروانیان گەڕاندەوە.
 
بڕیارە لە 26ی ئەیلوول لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا بە بەشداری سەرۆککۆمار، وەزیری کۆچ و کۆچبەران، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، نوێنەرانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی دژ بە داعش کۆنفرانسێک لەبارەی چارەسەری کەمپی هۆل بکرێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، "لەم کۆنفرانسەدا تێڕوانینی خۆیان لەبارەی شێوازی گەڕاندنەوەی سەرجەم خێزانە عێراقییەکانی کەمپی هۆل دەخەنەڕوو."
 
18 هەزار عێراقی لە کەمپی هۆل گەڕێندراونەتەوە، لە کەمپی جەدعەی نەینەوا شیاندنەوەیان بۆ دەکرێت و دواتر دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە