بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق: گرێبەستی گەورەمان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت واژۆ کردووە

08-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق ژینگەیەکی وەبەرهێنانی سەرنجڕاکێشی لە کەرتی نەوت و گازدا رەخساندووە و گرێبەستی گەورەی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت لە ناسریە و کەرکووک واژوو کردووە. دەشڵێت، رێژەی وەبەرهێنانی گاز گەیشتووەتە 70% و پلانیان هەیە تاوەکو ساڵی 2028 کۆتایی بە سووتاندنی گاز بهێنن.
 
لە گوتارێکدا لە کردنەوەی پێشانگەی نێودەوڵەتیی نەوت و گازی عێراق، باسم خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، "دەستکەوتەکانی ئەم دواییەی حکومەت پەیامێکی روونە بۆ وەبەرهێنەران، کە عێراق بووەتە ناوەندێکی سەرنجڕاکێش بۆ پیشەسازیی نەوت." بە گوتەی ناوبراو، وەزارەتی نەوت "بازدانێکی گەورەی" لە چوار کەرتی سەرەکیی پیشەسازیی نەوتدا بەدەستهێناوە: دەرهێنان، پاڵاوتن، گاز و دابەشکردن.
 
بریکاری وەزارەتی نەوت ئاشکرای کرد، بەم دواییانە گرێبەستێکی گەورە لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆن بۆ چوار بلۆکی گازی لە کێڵگەکانی ناسریە و بەلەد واژۆ کراوە. هەروەها، گرێبەستێکی دیکەی گەورەش لەگەڵ کۆمپانیای بی پی-ی بەریتانی بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگە لە کەرکووک کراوە. "ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت دێن بۆ پەرەپێدانی توانای بەرهەمهێنانی نەوت و گازی وڵاتەکە."
 
یەکێک لە پڕۆژەکانی دیکە، بە گوتەی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، پڕۆژەی گەشەپێدانی گازە لە کێڵگەی ئەرتاووی، کە چوار پڕۆژەی سەرەکی لەخۆدەگرێت:
 
پەرەپێدانی کێڵگەکان: بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان بۆ 210 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
 
وەبەرهێنان لە گاز: دابینکردنی 600 ملیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی بۆ تۆڕی نیشتمانی لە پێنج کێڵگەوە.
 
پڕۆژەی ژینگەدۆستانە: دامەزراندنی وێستگەیەکی وزەی خۆر بە توانای 1000 مێگاوات، کە قۆناخی یەکەمی بە توانای 250 مێگاوات تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ تەوار دەبێت.
 
بەرهەمهێنانی نەوت بە ئاوی دەریا: بەکارهێنانی ئاوی دەریا بۆ بەرزکردنەوەی پاڵەپەستۆی کێڵگەکانی نەوتی، کە دوێنێ ئەنجوومەنی وەزاریی وزە پەسندی کرد.
 
بە گوتەی باسم خزەیر، کۆی بەهای گرێبەستەکانی کێڵگەی ئەرتاووی ئەم ساڵ گەیشتووەتە 10.9 ملیار دۆلار، کە ژمارەیەکی پێوانەیی و بێوێنەیە لە مێژووی پیشەسازیی نەوتی عێراقدا.
 
بریکاری وەزارەتی نەوت راشیگەیاند، رێژەی وەبەرهێنانی گازی سرووشتی لە 45%ـەوە بۆ 70% بەرزبووەتەوە و پلانیان هەیە تاوەکو ساڵی 2028 بە تەواوی کۆتایی بە دیاردەی سووتاندنی گاز بهێنن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە