رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای هاوکاری و کارکردنی پێکەوەیی لە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە برۆکسل کرد و رایگەیاند: "عێراق چیدی مایەی نیگەرانیی ئەمنی نییە، بەڵکو هاوبەشێکی ستراتیژییە و دەکرێت پشتی پێ ببەسترێت."
محەممەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ دووشەممە (8ی ئەیلوولی 2025) لە بارەگای ناتۆ لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، بە بانگهێشتی مارک رووتە، ئەمینداری گشتیی ناتۆ، گوتارێکی پێشکێش کرد.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاریی بنەڕەتی و ناجێگیر بەخۆوە دەبینێت و بنەماکانی سیستمی نێودەوڵەتی پێشێل دەکرێن، تاوان دژی مرۆڤایەتی دەکرێت و ئاسایشی هەرێمی دەکەوێتە مەترسییەوە."
محەممەد شیاع سوودانی جەختی لەسەر دامەزراندنی هاوبەشییەکی بنیاتنەر لەگەڵ ناتۆ کردەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی دایە سەرکردەکانی ناتۆ و گوتی: "عێراق چیدی مایەی نیگەرانیی ئەمنی نییە، بەڵکو هاوبەشێکی ستراتیژییە و دەکرێت پشتی پێ ببەسترێت و پەیوەندیی نێوان عێراق و ناتۆ ئەم جۆرە لە هاوبەشیی سەلماندووە."
هەروەها، هەڵسەنگاندنی رۆڵی نێردەی ناتۆ لە عێراق بە گرنگ و بنەڕەتی وەسف کرد و ئاماژەی بەوەدا، هاوکاریی دوولایەنە نموونەیەکی باشە بۆ ناوچەکە و هەوڵدەدرێت عێراق ببێتە هاوبەشێکی هەرێمیی ناتۆ، لە چوارچێوەی رێکخستنێکدا، کە سوود بۆ هەردوو لایەن بگەیەنێت.
گرنگترین خاڵەکانی گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق:
- عێراق ئێستا نوێنەرایەتی مۆدێلێکی دیار دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چوارچێوەی سیستمێکی دیموکراسیی فرەیی فیدراڵیدا.
- گواستنەوەی گەلەکەمان بەرەو دیموکراسی بەهێز و قایم بوو، سەرەڕای ئاستەنگ و قەیرانەکانی ناوچەکەمان.
- حکومەتەکەمان بەردەوامە لە بنیاتنانی پەیوەندیی بەهێز و درێژخایەن لەگەڵ وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کە لەگەڵ بەها سیاسییەکانی وەک فرەیی و ئازادی یەکدەگرنەوە.
- لە سیاسەتی دەرەوەماندا، پشت بە بنەمای هاوسەنگی دەبەستین و دوورکەوتنەوە لە لایەنگری و تەوەرەکان، بە رێنمایی بەرژەوەندیی باڵای عێراق و گەلەکەی.
- هەوڵدەدەین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناتۆ و بەشداریکردن لە پلاندانان و جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییە ئەمنییەکانی هەرێمی و پەرەپێدانی تواناکانمان لە بواری بەرگریی ئاسمانی و رێگریدا، بە شێوەیەک کە سەروەریی عێراق بپارێزێت و پشتگیریی سەقامگیریی ناوچەکە بکات.
- جەخت لەسەر هاوکاری لەگەڵ ناتۆ دەکەینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی تیرۆر، ئاسایشی سنوورەکان، بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو، هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان، و هۆکارەکانی هەڕەشەی سەقامگیریی هەرێمایەتی.
- چاوەڕوانیی پشتگیریی ناتۆ دەکەین لە بنیاتنانی تواناکانی رێگریکردن لە هەڕەشەکان، و پشتگیریکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ هەرێمییەکان.
- پێویستە کێشەکان لە رێگەی دیپلۆماسی و یاسای نێودەوڵەتییەوە چارەسەر بکرێن و ناسەقامگیریی ناوچەکە مەترسییەکە کە دەرهاویشتەکانی وەک تیرۆر و ئاوارەیی و قەیرانە مرۆییەکان بۆ ئەوروپا و جیهان دەگوازرێنەوە.
- نزیکین لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و حکومەت پابەندە بە پشتگیریکردنی ئەم شایستەییە و ئەنجامدانی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و شەفاف.
- سیستمی فرەییمان رێگە بە هەمووان دەدات بە ئازادی لە هەڵبژاردنەکاندا کێبڕکێ بکەن و حکومەت لەسەر بنەمای ئەنجامەکان پێکدەهێنرێت، و گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات روودەدات.
- پابەندین بە بڕیاری سنووردارکردنی چەک بە دەست دەوڵەتەوە و چاکسازیکردن لە دەزگا ئەمنییەکاندا، بۆ پاراستنی هەموو هاووڵاتیان و پارێزگاریکردن لە سیستەمەکە.
- حکومەتەکەمان جەختی لەسەر هەمەچەشنکردنی ئابووری و هاندانی کارگێڕی و وەبەرهێنانی بیانی کردووەتەوە لەگەڵ پاراستنی پیشەسازییە ناوخۆییەکان.
- تووندوتیژی و بەکارهێنانی نایاسایی هێز، مەترسییەکانی سنووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەپەڕێنێت و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بەرپرسیارێتییەوە بجوڵێتەوە بۆ دابینکردنی پاراستن.
- عێراق هەوڵدەدات کێشەکانی دۆسیەی ناوەکیی ئێران بە ئاشتییانە و لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی چارەسەر بکات.
- عێراق جەخت لەسەر پشتگیریکردنی سەقامگیریی سووریا دەکاتەوە و دڵنیابوونەوە لەوەی گشتگیری و فرەیی بنەمایەک دەبێت بۆ داهاتووی.
- پێشێلکارییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین لە دژی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتین و پێویستە کۆتاییان پێ بهێنرێت، و کۆتایی بە جینۆسایدی غەزە بهێنرێت.
- عێراق هەوڵدەدات بۆ دامەزراندنی سیستمێکی هەرێمی کە لەسەر بنەمای پشتبەستنی دوولایەنە بێت و ململانێکان بە رێگەی ئاشتییانە کۆنترۆڵ بکرێن و هاوکاری بکرێت لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان.
- دیدگامان لەسەر هاوبەشییەکان دامەزراوە کە رەهەندە ئابووری، سیاسی و ئەمنییەکان و هاوئاهەنگی تێکەڵ دەکەن، بۆ پشتگیریکردنی سەقامگیری و گەشەپێدانی بەکۆمەڵ.
- پەیوەندیی نێوان عێراق و ناتۆ نموونەیەکی باشە و دڵنیایی دەدات لەوەی عێراق سەرچاوەی سەقامگیریی ناوچەکە بێت و بەشداری لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ