تەلەعفەر بە پارێزگابوونى هەڵەبجە دوادەخات

08-10-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سوننەکان داوایان کردووە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى بەپارێزگابوونى هەڵەبجە بخرێتە دواى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە کۆتایی ئەمساڵ، ئەوەش لە ترسی وروژاندنى پرسی بەپارێزگاکردنى قەزاى تەلەعفەر لە سنوورى نەینەوا کە جێگەى ناکۆکى تووندى سوننە و شیعەیە. 
 
لە 18ى ئەیلوولى 2021ـەوە چوار جار دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە خراوەتە خشتەى کارى پەرلەمانى عێراقەوە. کاتێک دەهاتە سەر دانیشتنەکان، ئەو بڕگەیە لادەدرا کە پەیوەندی بە بەپارێزگابوونی هەڵەبجەوە هەیە کە دواترینیان لە کۆبوونەوەى 30ـى ئەیلوولى پەرلەماندا بوو.
 
نەخشەى کۆن و پاساوى نوێ بۆ دواخستن
 
لە 30ى ئەیلوولدا کە بۆ دواجار دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنى هەڵەبجە لە خشتەى کارى کۆبوونەوەى پەرلەمانی عێراقدا بوو، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمان دواى خست؛ پاساوەکە ئەوەبوو کە نەخشەى نوێى پارێزگاکەیان پێنەگەیشتووە.
 
محەممەد حەلبووسی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، پڕۆژە یاساکە گرنگە، بەڵام کێشەیەکى تەکنیکی هەیە و پێویستى بەوەیە قسە لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان بکرێت بۆ ئەوەى نەخشەى نوێى سنوورى کارگێڕیى هەڵەبجە بنێرێت، تاوەکو ئەو نەخشەیە ببێتە بەشێک لەو پڕۆژە یاسایەی دەنگى لەسەر دەدرێت و "ئەو نەخشەیەى ئێستا نەخشەی ساڵانى رابردووە".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، وەزارەتى پلاندانانى عێراق لە 9ى تەممووزى 2023 نەخشەى پەسندکراوى سنوورى کارگێڕیى پارێزگاى هەڵەبجەى بە واژۆى محەممەد تەمیمى، وەزیری پلاندانانی عێراق نارد بۆ پەرلەمان، کە کەمتر لە سێ مانگە. 
 
بەگوێرەى نووسراوێکى دیکە کە لە 18ى تەممووزى 2023، خالید سامەرائی، سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق ئەو نەخشەیەى ناردووە بۆ نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا بۆ ئەوەى ئەوانیش نەخشەى سنوورى کارگێڕى خۆیان بنێرن بۆ لیژنەکە تاوەکو هاوپێچ بکرێت، بەر لە دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکە و دواتر حکومەتى هەرێمى کورستان نەخشەکەى ناردووە.
 
سوننە داواى کردووە پڕۆژەیاساکە بخرێتە دواى هەڵبژاردن
 
موسەننا ئەمین، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى پارێزگاى هەڵەبجە لە کاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستی رووداوى عێراق لە رادیۆی رووداو گوتى، "داواکارى نەخشەى نوێ بیانووە بۆ دواخستنى دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە و کێشەکە پەیوەندارە بە ترسی سوننەکانەوە لە دروستکردنى پارێزگاى نوێى وەک تەلەعفەر و سامەڕا لەلایەن شیعەوە."
 
موسەننا ئەمین گوتی، محەممەد حەلبووسی و پەرلەمانتارە سوننەکان لە کۆبوونەوەیەکدا داوایان لێکردوون کە دەنگدان لەسەر  پڕۆژەیاساى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە دوابخەن بۆ دواى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان یان ماوەیەکى کەم بەر لە ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە، تاوەکو هەستیارى و کێشەى لێنەکەوێتەوە و پرسی بە پارێزگاکردنى تەلەعفەریش بۆ بانگەشە بەکارنەهێندرێت و پێشیان گوتوون "بەبێ ئەو دواخستنە گەرەنتى ناکەین پڕۆژە یاساکە لە پەرلەمان دەنگ بهێنێت".
 
بڕیارە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 ئەنجام بدرێت کە یەکەمجارە دواى 10 ساڵ ئەو هەڵبژاردنە لە عێراق بکرێت.  
 
شیعەکەکان چاویان لە دووەم گەورەترین قەزایە
 
قەزاى تەلەعفەر دەکەوێتە باکوورى رۆژئاواى پارێزگاى نەینەوا و هاوسنوورى قەزاى شنگالە، دراوسێى سوریایە و ژمارەى دانیشتوانى زیاتر لە 400 هەزار کەسە.
 
تەلەعفەر زۆرینەى دانیشتوانەکەى تورکمانى شیعەن و لە رووى کارگێڕییەوە سێ ناحیەى لەسەرە: زوممار، رەبیعە، عەیازیە.
 
شیعەکان دەیانەوێت لەرێگەى بەپارێزگاکردنى تەلەعفەرەوە پێگەیەکى زۆرینە شیعەیان لە دووەم گەورەترین پارێزگای ئێستای سوننە لە عێراق هەبێت، جگە لەوە شارێکى سنوورى سووریا بەتەواوى دەکەوێتە دەستیان، بەپێچەوانەى ئێستاوە کە پارێزگارى نەینەوا عەرەبى سوننەیە و تەلەعفەرى لەژێر دەستدایە. 
 
لە ئەگەری ئەوەی تەلەعفەر بووە پارێزگا، ئیدی ژمارەى ئەو پارێزگایانەى عێراق کە شیعە پارێزگاریانە دەگاتە 12 پارێزگا، واتە زیاتر لە 75٪ى هەموو پارێزگاکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵیان بەدەستەوە دەبێت.
 
بەڵام دەستبردن بۆ ئەم پرسە ئاسان نییە بۆ شیعە، لەکاتێکدا نەینەوا بۆ سوننەکان یەکێکە لەو شوێنانەی شانازى پێوە دەکەن کە پێگەى جەماوەرى خۆیانە. نەینەوا بۆ ئەوان یەکێکە لە کارتە بەهێزەکانیان کە زۆرینەى دانیشتوانەکەى سوننەن.
 
سوننەکان کێشەیەکى ئەوتۆیان لەگەڵ تێپەڕاندنى پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە نییە، بەڵام کێشەیان لەگەڵ ئەوەیە پەسندکردنى پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە لەگەڵ بەپارێزگابوونى تەلەعفەر بخرێتە یەک سەبەتەوە و بەیەکەوە یەکلایی بکرێنەوە.
 
لەساڵى 2014 و چەند مانگێک بەر لە کۆتاییهاتنى دوایین کابینەى حکومەتى نوورى مالیکى لە عێراق، ئەو حکومەتە بڕیاریدا چوار پارێزگاى نوێ لە عێراق دروستبکرێن کە بریتین لە تەلەعفەر، دەشتى نەینەوا لە پارێزگاى نەینەوا، خورماتوو لە سنوورى پارێزگاى سەڵاحەدین، فەللوجە لە سنوورى پارێزگاى ئەنبار، بەڵام ئەو بڕیارە پێویستى بە گەڵاڵەکردنى یاسا و دەنگدانى پەرلەمانە کە تاوەکو ئێستا نەکراوە.
 
تەلەعفەر چارەنوسى دوو ناوچەى کوردستانى دەخاتە مەترسیەوە
 
ئەگەر تەلەعفەر بکرێتە پارێزگا، چارەنوسى زوممار وەک ناوچەیەکى کوردستانیى چوارچێوەى مادەى 140ى دەستوور نادیار دەبێت، ئەوە جگە لەوەى کە قەزاى شنگال لە رووى جوگرافیەوە بە تەواوى لە نەینەوا دادەبڕێت.
 
نەشئەت قەساب، قایمقامى قەزاى تەلەعفەر بەوەکالەت لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتى، "ئەگەر تەلەعفەر بکرێتە پارێزگا، قەزاکانى رۆژئاواى نەینەوا بە تەواوى دەبنە بەشێک لێى، بەڵام شنگال بە هەڵپەسێردراوى دەمێنێتەوە. ئەگەر قەزاى بەعاج بچێتەر سەر تەلەعفەر و رەبیعەشی بچێتە سەر، شنگال بە هەڵوسراوى دەمێنێتەوە بێ بەستنەوەى بە پارێزگاى نەینەواوە".
 
نەشئەت قەساب گوتیشى، "بەگوێرەى مادەى 140، ناوچە جێناکۆکەکان زوممار، رەبیعە، شنگال و بەشێکى زۆرى عەیازیە دەگرێتەوە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە