رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا رایگەیاند، هیوادارە ئەزموونى خولى رابردوو بۆ بەربژێرکردنى باڵیۆزانى عێراق دووبارە نەبێتەوە کە ناکۆکى لەسەر بوو.
8ـی تشرینى دووەمى 2023، نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا لە کۆنگرەى حەوتەمى ساڵانەى باڵیۆزانى عێراق رایگەیاند، لە خولى پێشووى پەرلەماندا پرۆسەى دیاریکردنى بەربژێران بۆ باڵیۆزانى عێراق لەلایەن وەزارەتى دەرەوە و حیزب و فراکسیۆنەکانەوە کرا و لەسەرى ناکۆک بوون و لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمان بڕیاریدا کە پرۆسەى بەربژێرکردنەکە رابگرێت.
لە خولى پێشووى پەرلەمانى عێراقدا بڕیار بوو 35 باڵیۆزى نوێى عێراق دیاری بکرێن بۆ پڕکردنەوەى ئەو پێگە دیبلۆماسیانەى عێراق لە لە وڵاتانى دەرەوە کە بە چۆڵى ماونەتەوە، بەڵام بەهۆى ناکۆکى فراکسیۆنەکان لەسەر پشکیان لەو بەربژێرانە پرۆسەکە راگیرا.
نوورى مالیکى رایگەیاند، "هیوادارم هەمان هەنگاوى خولى پێشوو دووبارە نەبێتەوە و کار بکرێت ئامادەکردنى دۆسیەى دیاریکردنى بەربژێرەکان بەشێوەیەک کە ئاوێنەى سەرکەوتنى دیبلۆماسیی عێراقى بێت نەک تەنیا پڕکردنەوەى بۆشایی باڵیۆزخانەکان."
کۆنگرەى حەوتەمى ساڵانەى باڵیۆزانى عێراق لە 4ـی تشرینى یەکەم دەستیپێکرد کە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوام بوو، ئامانجى خستنەڕووى ئاستى پەیوەندییەکانى عێراق بە وڵاتانى دەرەوە و پرسە هەستیارە نێو دەوڵەتییەکان و چۆنێتى مامەڵەکردنە لەگەڵیاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ