پەروەردەى عێراق: هەر قوتابخانەیەکى ئەهلى پابەند نەبێت بە پشووەکان لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت

08-12-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى پەروەردەى عێراق قوتابخانە ئەهلییەکان ئاگادار دەکاتەوە، کە دەبێت پابەند بن بە دەوامکردنى رۆژانى شەممە و ئەو پشووە فەرمیانەى حکومەتى فیدراڵى دیاریکردووە، ئەگەرنا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
 
بەگوێرەى نووسراوێک، کە وەزارەتى پەروەردەى عێراق لە 7ـى کانوونى دووەمى 2023، ئاراستەى قوتابخانە ئەهلییەکانى کردووە لە عێراق، داوایان لێدەکات پابەندبن بە دوامکردنى رۆژانى شەممە و ئەو پشووە فەرمییانەى حکومەتى فیدراڵى دیاریکردووە.
 
بە گوێرەى نووسراوەکە، ئەو گشتاندنە دامەزراوە پەروەردەییەکانى هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە و تێیدا هاتووە، هەر دامەزراوەیەکى پەروەردەیى پابەند نەبێت، بەرپرسیارێتییەکەى دەگرێتە ئەستۆ و رەوانەى لێکۆڵینەوە دەکرێت.
 
زیاتر لە 110 رۆژى ساڵ لە عێراق پشووى فەرمییە، ئەوە جگە لە رۆژانى هەینى و شەممە بۆ فەرمانگە حکومییەکان، بەڵام رۆژانى شەممە لە قوتابخانەکانی عێراق پشوو نییە.
 
رۆژی 25ـى تەمموزى 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پڕۆژەیاسای پشووە فەرمییەکانى عێراقى پەسند کرد و رەوانەى پەرلەمانى کرد بەمەبەستى پەسندکردنى. 
 
لە ساڵى 2015 پڕۆژەیاسایەکى دیکەى پشووە فەرمییەکان لە پەرلەمان تاوتوێکرا، بەڵام بەهۆى ناکۆکى لەسەرى پەسند نەکرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە