عێراق گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ بەیرووت راگرت

08-12-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ بەیرووت بەشێوەیەکی کاتی راگرت.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژ و بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 08-12-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سۆنگەی سووڕبوونیان بۆ پاراستنی گەشیاران، کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانی عێراقییە بەشێوەیەکی کاتی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان بەغدا- بەیرووتی راگرت، لەنێویشیاندا گەشتی گەڕانەوەی ئەو  لوبنانییانەی کە بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە و بە خۆڕایی دەیانگەڕێننەوە وڵاتەکەیان.
 
مەیسەم سافی هۆکارەکەی بۆ ئەو دۆخە ئەمنییە گەڕاندەوە کە لە ئاسمانی سووریادا هەیە و رێڕەوێکی سەرەکییە بۆ گەشتەکانی نێوان عێراق و بەیرووت.
 
سەبارەت بە گەشتی دیمەشق، گوتەبێژی  وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە گەشتیی راستەوخۆی بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق نییە و چەند مانگێکە گەشتەکانی راگرتووە. 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی چوونە نێو دیمەشقی پایتەختی سووریا و کەوتنی حکومەتی بەشار ئەسەدیان راگەیاند.
 
بەهۆی کەوتنی حکومەتی بەشار ئەسەد و ئاڵۆزی لەو وڵاتە، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان دیمەشق و هەولێر هەڵوەشێندرانەوە.
 
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئەمڕۆ یەكشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەشتەکانی نێوان دیمەشق و هەولێر هەڵوەشێندرانەوە".
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، دەبووایە لە کاژێر 20:00ـی ئەمشەو فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی دیمەشقەوە بگاتە هەولێر و دوای کاژێرێک فڕۆکەیەک لە هەولێرەوە بەرەو دیمەشق بچێت.
 
دوای 13 ساڵ لە شەڕی نێوخۆ، ئەمڕۆ بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی دەوڵەتەوە، "رووخانی بەشار ئەسەد" و ئازادکردنی بەندکراوان لە زیندانەکانی دەسەڵاتی پێشووی وڵاتە راگەیاند.
 
هەروەها چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشقیان کۆنتڕۆڵکرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 فڕۆکەیەکی هێڵی گواستنەوەی نیشتمانیی یۆنان (Aegean Airlines) لە فڕۆکەخانەی بەغدا

یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی وڵاتێکی ئەورووپا لە فڕۆکەخانەی بەغدا نیشتەوە

دوای 35 ساڵ وەستان، رۆژی سێشەممە، 16-12-2025، یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی وڵاتێکی ئەورووپا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا نیشتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێ، عێراق گەڕایەوە سەر نەخشەی فڕۆکەوانیی ئەورووپا.