ئەنجامی هەڵبژاردن نێردرا بۆ دادگەی فیدراڵیی عێراق

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نارد بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی بە مەبەستی پەسندکردنی، پێشبینی دەکرێت لە دوو بۆ سێ رۆژدا دادگەکە پەسندی بکات و رێکارە دەستووریەکان بۆ پێکهێنانى حکومەت دەستپێبکەن.
 
دووشەممە، 8ی کانوونی یەکەمی 2025، حەسەن زایر، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نێردرا بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی بە مەبەستی پەسندکردنی و لە ئەمڕۆوە کاری کۆمیسیۆن لەو پرۆسەیەدا کۆتایی هات".
 
ئەو هەنگاوەی کۆمیسیۆن لەدوای ئەوە بوو کە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن تانەکانی یەکلا کردەوە کە لە ئەنجامی کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە درابوون، کە زیاتر لە 800 تانە بوون.
 
حەسەن زایر رایگەیاند، تانەکان گۆڕانکارییان لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن نەکردووە و پێشبینی دەکرێت لە دوو بۆ سێ رۆژی داهاتوودا دادگەی فیدراڵی ئەنجامەکان پەسەند بکات.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام درا، پەسەندکردنی ئەنجامەکانی لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە یەکەم هەنگاوی پێکهێنانی حکومەتی نوێیە.
 
بەگوێرەی مادەی 54ی دەستووری عێراق، لەدوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن، سەرۆککۆمار لە 15 رۆژدا مەرسوومی کۆماری بۆ ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان دەردەکات و تێیدا سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێ، دواتر لە 3 رۆژدا سەرۆککۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێ و ئەویش بەربژێری سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێرێ.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە