رووداو دیجیتاڵ
لەکۆى ئەو 329 تانەیەی لە ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دراون، 80یان لەلایەن دەستەى دادوەریی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە رەوانەى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران کراون، راوێژکارێکى کۆمیسیۆن دەڵێت: "ئەو تانانەى کە رەتدەکرێنەوە، بڵاودەکرێنەوە و ئەوانەشی وەردەگیرێن کاریان لەسەر دەکرێت".
رۆژی 9ى کانوونى دووەمى 2024، حەسەن ئەبو مەسار، راوێژکارى یاسایی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ کاروبارى بەربژێران بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "تاوەکو ئەمڕۆ سێشەممە لەکۆى ئەو تانانەى پشکێشکراون لە دژى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، 80 تانەیان لەلایەن دەستەى دادوەریى کۆمیسیۆنەوە یەکلاکراوەنەتەوە نێردراونەتەوە بۆ ئەنجوومەنى کۆمسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق.
329 تانە لە ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دراون، لەو تانانە 35یان لە ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک دراون.
حەسەن ئەبو مەسار گوتى: "ئەو تانانەى، کە رەتکراونەتەوە لەسەرە ماڵپەڕى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بڵاودەکرێنەوە، بەڵام ئەو تانانەى وەردەگیرێن، رێوشوێن لەسەر بنەمایان دەگیرێتەبەر".
بەگوێرەى بڕگەى سێی لە مادەى 20ـی یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، دەبێت دەستەى دادوەریى کۆمیسیۆن لە ماوەى 10 رۆژ لە داخستنى دەرگەى تانەکان، وەڵامى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بداتەوە لەبارەى ئەو تانانەوە کە پێشکێشکراون، 31ى کانوونى یەکەمى 2023 دەرگاى پێشکێشکردنى تانەکان بۆ ئەو ئەنجامانە داخرا.
رۆژی 9ى کانوونى دووەمى 2024، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو تانانەى گەڕێندراونەتەوە لە بەردەم ئەنجوومەنى کۆمسایاراندایە بۆ جیاکردنەوەیان بەگوێرەى بڕیارەکانى دەستەى دادوەری و کارکردن لەسەرى".
رۆژی 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، بۆ یەکەمجار لەدواى 10 ساڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق لە 14 پارێزگا کرا و یەکەمجاریش لەدواى 18 ساڵ ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ