بەرپرسێکى باڵاى عێراق 25 ملیۆن دینار بەرتیلى پێگیرا و بە شەش ساڵ بەندکردن سزا درا

09-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیایەکى سەر بە وەزارەتى پیشەسازیى عێراق بە شەش ساڵ بەندکردن سزا درا، ئەوەش بەهۆى وەرگرتنى 25 ملیۆن دینار بەرتیل لە بەڵێندەرێک. بەڕێوەبەرى نووسینگەکەشی لەسەر هەمان دۆسیە بە دوو ساڵ بەندکردن سزا درا.
 
رۆژی 9ی کانوونى دووەمى 2024 ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، دادگەى ناوەندیى تاوانەکانى بنبڕکردنى گەندەڵى، بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى گشتیى پیشەسازییە هایدرۆلیکییەکانى بە شەش ساڵ بەندکردن سزا داوە.
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق ئاماژەى بەوەش داوە، ئەو بەرپرسە بە تۆمەتى وەرگرتنى بەرتیل لە یەکێک لە بەڵێندەرەکان، سزا دراوە.
 
کۆمپانیاى گشتیى پیشەسازییە هایدرۆلیکییەکان سەر بە وەزارەتى پیشەسازی و کانزاکانى عێراقە و لە ساڵى 2015 دامەزراوە، کۆمپانیاکە سێ کارگەى سەرەکیى هایدرۆلیک، میکانیک و کارەباى هەیە.
 
رۆژی 8ى کانوونى دووەمى 2024 دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى گشتیى پیشەسازییە هایدرۆلیکییەکان لە نووسینگەکەیدا و لەکاتى وەرگرتنى بڕى 25 ملیۆن دینار بەرتیل، دەستگیر کراوە؛ ویستوویەتى بەرامبەر ئەو پارەیە چەکى پارەى یەکێک لە بەڵێندەرەکان بڕوێنێت.
 
بەگوێرەى بڕیارى دادگە، ئەو بەرپرسە باڵایەى عێراق، جگە لە سزای زیندانیکردنی، بە 10 ملیۆن دینار سزاى پێبژاردن دراوە.
 
دەستەى دەستپاکیى عێراق ئاماژەى بەوەش داوە، لەسەر هەمان دۆسیە، بەڕێوەبەرى نووسینگەى ئەو بەڕێوەبەرى گشتییە بە دوو ساڵ بەندکردن سزا دراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە