رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵایەک یەکلا دەکاتەوە، کە لە بارەى هەموارى یاسای بنبڕکردنى لەشفرۆشی پێشکێشکراوە بۆ ئەوەى سزاى هاوڕەگەزخوازیى تێکەڵ بکرێت، ئەندامێکى لیژنەى یاسایی پەرلەمان دەڵێت: "یاساکە لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە کشێندراوەتەوە، بەبێ ئەوەى هۆکارەکەى بزانین".
بەگوێرەى خشتەى کارى دانیشتنەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەمە، 9ى کانوونى دووەمى 2024، ئەو دادگەیە دوا بڕیار لە بارەى سکاڵایەکەوە دەدات کە پێشکێش کراوە، بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارێکى سەرۆکى پەرلەمان بۆ کشاندنەوەى هەموارى بنبڕکردنى لەشفرۆشی لە پاش ئەوەى خوێندنەوەى یەکەمى بۆکراوە.
سکاڵاکە لەلایەن رائید مالیکى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانەوە لە دژى سەرۆکى پەرلەمان پێشکێش کراوە.
پڕۆژەیاساى هەموارى یاسای بنبڕکردنى لەشفرۆشی لە 10ى ئەیلوولى 2023 بە بڕیارى سەرۆکى پەرلەمان کشێندراوەتەوە لەپاش ئەوەى خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کراوە.
رۆژی 9ى کانوونى دووەمى 2024، محەممەد عەنوز، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لەدواى ئەوەى هەموارى یاساى بنبڕکردنى لەشفرۆشی خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا، لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە کێشندرایەوە بەبێ ئەوەى هۆکارەکەى بزاندرێت."
محەممەد عەنوز گوتیشى: "دەبێت سەرۆکایەتیى پەرلەمان تاوتوێکردنەوەى ئەو پڕۆژەیاسایە بخاتەوە خشەى کار تاوەکو خوێندنەوەى دووەمى بۆ بکرێت و دەنگى لەسەر بدرێت".
رۆژی 15ـی ئابى 2023، پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ هەموارى یاساى قەدەخەکردنی لەشفرۆشى کرد، کە لە ساڵى 1988 دەرکراوە، کە بەگوێرەى هەموارەکە ناوى یاساکە دەگۆڕدرێت و "لادانى سێکسی" بۆ زیاد دەکرێت وەک ئاماژەیەک بۆ هاوڕەگەزخوازى و پێناسەى ئەو دەستەواژەیە لە یاساکەدا کراوە.
لە بەشێکى دیکەى هەموارەکەدا پێشتر لەو یاسایەدا نەبووە، ئاماژە بەوە دراوە، هەر کەسێک بانگەشە بۆ هاوڕەگەزخوازى بکات سزاکەى بەندکردنە کە لە حەوت ساڵ کەمتر نەبێت، ئەوە جگە لە سزاى پێبژاردن، کە بڕەکەى لە نێوان 10 بۆ 25 ملیۆن دینارە، هەر کەسێک رەگەزى خۆى بگۆڕێت لە نێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەندکردن سزا دەدرێت و ئەو پزیشکەى کە نەشتەرگەریەکەشی بۆ کردووە هەمان سزا دەدەرێت، بەڵام ئەگەر ئەو نەشتەرگەرییە بۆ چارەسەکردنى شێواوى جەستەیى زکماکى بێت و پێویستى بە نەشتەرگەرى بێت، سزاکە نایگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ