عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. وێنە: پەیجی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران لە فەیسبووک
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، عێراق لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە و دوای رێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و یونامی، هەموو پێویستییەکانی "سەروەریی تەواو"یان بەدەستهێناوە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە رێوڕەسمی 104ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پۆلیسی عێراق رایگەیاند، "ئێمە هەموو پێویستییەکانی بەدیهێنانی سەروەریی تەواومان تەواو کردووە، ئەوەش دوای رێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامی) لە وڵاتدا."
بە بڕوای سوودانی، عێراق قۆناخە سەختەکانی بڕیوە و ئێستا لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە.
سەبارەت بە رۆڵی پۆلیس لە رابردوو و ئێستا، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "رژێمی دیکتاتۆریی پێشوو بە شێوەیەکی قێزەون ئیرادەی خۆی بەسەر پۆلیسدا سەپاندبوو، بۆئەوەی وێنەی ئەم دەزگا نیشتمانییە بشێوێنێت، بەڵام دوای رووخانی ئەو رژێمە، پۆلیس ئازادییەکەی وەرگرتەوە و گەڕایەوە سەر رۆڵە راستەقینەکەی خۆی، کە پاراستنی ئاسایش و جێبەجێکردنی یاسایە."
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان پەیوەندیی نێوان ئاسایش و ئابووریی بە "دوو چەمکی دانەبڕاو" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی ئێستا هەیە وایکردووە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان کێبڕکێ بکەن بۆ وەبەرهێنان لە عێراقدا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سوودانی باسی لە رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکان بە پۆلیس کرد و گوتی: "هەوڵەکانمان بۆ پەرەپێدانی پۆلیس بەهێزتر بووە، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکانمان رادەستی ئەوان کرد، چونکە بڕوای تەواومان بە تواناکانیان هەیە."
سوودانی داوای لە هێزەکانی پۆلیس کرد لە رووبەڕووبوونەوەی باندەکانی مادەی هۆشبەر و کێشە خێڵەکییەکاندا چاوکراوە بن، هاوکات هۆشداریشی دا کە "پێویستە لە کارەکانتاندا رەچاوی یاسا و مافەکانی مرۆڤ بکەن، چونکە ئێوە لە پەیوەندیی راستەوخۆ و رۆژانەدان لەگەڵ هاووڵاتییاندا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ