وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: ئاوی ژێرزەوی لە هەولێر بەشێوەیەکی مەترسیدار دابەزیوە

09-02-2024
شیراز رەئوف
د. عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لەگەڵ نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری رووداو.
د. عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لەگەڵ نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت، ئاوی ژێرزەوی مەترسیی زۆری لەسەرە و ئاماژە بەوەش دەکات، لە هەولێر قووڵایی بیرەکانی ئاو زۆر دابەزیوە؛ باس لە پلانی دروستکردنی 36 بەنداویش لە عێراق دەکات کە 3 بەنداویان دەکەونە هەرێمی کوردستان.
 
د. عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەر فاتیح لە بەغدا لەگەڵی ئەنجامی داوە، باس لە مەترسییەکانی سەر ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "ساڵانی 2022 و 2023 ژمارەی پێوانەیی مێژووی 90 ساڵی رابردوومان لە گلدانەوەی ئاودا تۆمارکرد. ئەم ساڵ دۆخەکە بەرەو باشی دەڕوات، بەڵام هێشتا مەترسی کەمئاویمان لەسەرە."
 
لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەدا وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق باس لەوە دەکات، تورکیا پابەند نەبووە بە رێککەوتنی بەردانەوەی ئاو بۆ سووریا و عێراق؛ ئاماژە بە مەترسیی گرتنەوە و گۆڕینی رێڕەوە ئاوییەکانیش لەلایەن ئێرانەوە دەکات و دەڵێت، ئێستا تەنانەت سووریاش ئاو لە عێراق دەگرێتەوە.

 

 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق
 
رووداو: ئەوەی پەیوەندی بە دۆخی ئاوەوە هەیە، هەڵسەنگاندنەکان لە وەرزێکەوە بۆ وەرزێکی تر دەگۆڕێن. هەڵسەنگاندنی ئێستاتان وەکو وەزارەت بۆ دۆخی ئاو چۆنە؟
 
عەون زیاب: لەراستیدا دۆخی ئاو هێشتا قورسە، ئاسان نییە بەپێی ئەوەی هەمانە لە ئاوی گلدراوە و بەپێی ئەو سەرچاوانەی لە دەرەوەی سنوورەوە دێن، ئەوە جگە لە کاریگەریی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان لەسەر دۆخی ئاو لە عێراق. بە گشتی ئەم ساڵانەی پێشوو، وشکبوون و بەبیابانبوونمان هەبوو، ئاستی ئاوی گلدراوەمان زۆر دابەزی؛ ئەم ساڵ ئاماژەکان بەو جۆرەن کە ساڵێکی تەڕ بێت.
 
راستە بارانی باش لە ناوچەکانی نێوەڕاست و باشوور نەباریوە، بەڵام بارانی بەخوڕ لە ناوچەکانی باکوور باریوە؛ لەگەڵ بارینی بەفر بە شێوەیەک کە پێشتر نەبووە، بەتایبەت لە ناوچەکانی رووباری زاپ کە ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرا لە بارینی بەفر؛ هاوکات لە سلێمانی بەفر زۆر بووە، ئەمە هاوکێشەکەی تاکو رادەیەک گۆڕیوە.
 
بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانانەوە دەستمانکردووەتەوە بە کۆگاکردنەوەی ئاو بەشێوەیەکی رێژەیی؛ لە راستیدا ئەگەر ئاستێکی زۆر پێشکەوتووشمان نەبڕیبێت، ئێستا نزیکەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە و بەردەوامین لە دروستکردنی زیاتری سەرچاوەی کۆگای ئاو، چونکە بڕی ئەو ئاوەی دەچێتە بەنداوەکانی موسڵ و دوکوان و دەربەندیخان، زیاترە لەو بڕەی لێیان دەردەچێت؛ مانای وایە ئاو بەرزبووەتەوە لەو بەنداوانەدا.
 
دۆخی ئاو ئێستا لە گۆڕانکاریی ئەرێنیدایە و هیواخوازین و پێشبینیش دەکەین شەپۆلەکانی بەفربارین لە بەهاردا ئاوی زیاترمان بۆ کۆبکەنەوە لە بەنداوەکاندا؛ ئەو ئاماژەیەش بە هەمان شێوە ئەرێنییە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانمان لە وەرزی هاویندا؛ هەموو کەسێک دەزانێت لە عێراق بارانمان نامێنێت لە مانگی ئایارەوە تاکو مانگی 11. ئەم ناوچەیەش وشک و گەرمە و بەهەڵمبوون تێیدا زۆە بەرزە. ئێمە پێویستمان بە ئاوی کۆگاکراوی زۆر باش هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەمئاوی هاوین.
 
رووداو: ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان ئاوی کۆگاکراوی عێراق لە ساڵانی رابردوودا. ئایا ئاوی کۆگاکراوی عێراق لە کەمبوونەوەدایە ساڵ دوای ساڵ؟
 
عەون زیاب: بەڵێ ئەوە راستییە، ئاوی کۆگاکراو لە ئەنجامی کۆمەڵێک کارتێکەر دەبێت، گرنگترینیان بارینی بەخووڕە. کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەسەر ناوچەکە زۆر بەهێزە و هیچ دەرفەتێکمان پێنادات.
 
ئێمە پێشتر گوتوومانە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو بۆ هەبوونی زانیاری لەبارەی زریانەکان، دوایین زریان ساڵی 1988 بوو و ساڵی 2019ش یەکێکی بچووکمان هەبوو، بەڵام ئەوەی ساڵی 1988 زریانێکی جیاواز بوو و بەنداوی ئەتاتورک دروستنەکرابوو، بەنداوی ئەریسۆ دروستنەکرابوو؛ ئەو بەنداوانەی دیکەش کە ئێستا لەدروستکردندان ئەو کات نەبوون؛ بۆیە هەموو ئەو بڕەی کە لە زۆنی دیجلە و فوڕاتدا دادەباری زۆرینەی دەهاتە عێراق؛ بە دڵنیایی ئەوە داهاتی بەرزی ئاوی هەبوو، بەڵام ئەو دۆخە گۆڕا دوای دروستکردنی بەنداوەکان و بونیادنانی بەنداوی دیکە لە زۆنی دیجلە و فورات لە خاکی تورکیادا و ئەوەش کاریگەریی هەبووە لەسەر داهات و سەرچاوەکانی ئاو.
 
ئەو ئاوەی دێت بۆ عێراق کەمکراوەتەوە و بڕەکەی دەستنیشانکراوە کە ئەوەیە لە بەنداوەکان دەردەچێت، نەوەک تەواوی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئاو کە لە ئەنجامی بارینی باران و بەفرەوە دێن، ئەمە کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر بڕی گلدانەوەی ئاو بە ئەندازەیەک کە ئێستا ناگەینە ئاستی پێویست لە ئاوی گلدراوە لە بەنداوەکانماندا.
 
رووداو: کەواتە عێراق ئێستا کەمترین ئاستی ئاوی گلدراوەی لە مێژوودا هەیە؟
 
عەون زیاب: ئەوە ئەو راستییەیە کە ساڵی رابردوو بینیمان، کە ساڵێک بوو ژمارەی پێوانەیی لە کەمترین ئاوی گلدراوە و کەمترین داهاتی ئاو لە وڵاتانی دراوسێ تۆمارکرد. لە ساڵی 1930ەوە تۆمارمان لەبەردەستە کە پێی دەڵێین 'هێستۆگراگ' واتا تۆمارە مێژووییەکان و لە ساڵی 1933ەوەی تێدا تۆمارکراوە؛ ساڵی 2023 و 2022 کەمترین ئاو گۆکاکراوە و کەمترین ئاومان پێگەیشتووە لە وڵاتانی دراوسێوە.
 
ئەم ساڵ هەندێک باشترە وەکو ئەوەی گوتم، بەڵام ئەو بڕەش گلدراوەتەوە هێشتا مایەی نیگەرانییە؛ بەپێی لێکدانەوەکانمان بەش ناکات، بەڵام هیوامان هەیە کە داهاتی ئاوی زیاترمان هەبێت لە بەهاردا و ببێتە هۆکاری پڕکردنی کۆگا ئاوییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هاوین.
 
رووداو: لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەک راپۆرتمان بینین بە دیاریکراوی لەبارەی رووباری فورات، لەبارەی ئەوەی ئەو بڕەی کە عێراق لە رووبارەکە دەریدەهێنێت، زیاترە لەو بڕەی دێتەوە ناو رووبارەکە لە وڵاتانی دیکەوە، تورکیا و سوریا بۆ عێراق. دەتوانین بڵێین رووباری فورات رۆژ دوای رۆژ کەمتر دەبێتەوە؟
 
عەون زیاب: رووباری فورات مەترسی زیاتری لەسەرە لە رووباری دیجلە؛ هۆکارەکەشی ئەوەیە رووباری فورات سەرچاوەی نییە لە عێراقدا، تەنانەت لە سووریا یەک سەرچاوەی هەیە کە خابوورە و ئەویش زۆر دیاریکراوە، لەکاتێکدا رووباری دیجلە چەند سەرچاوەیەکی باشی تێدەڕژێتەوە بۆ نموونە فیشخاپوور سەرچاوەیەکی باشە لە ناوچەی زاخۆ، زێی گەورە و زێی بچووک و عوزێم کە ژمارە رووبارێکن. زێی بچووک کە دەڕژێتە بەنداوی دووکان لە راستیدا بڕی ئاوی گلدراوەی بەنداوی دووکان 75٪ی داهاتە ئاوییەکانی لە نێوخۆی عێراقدایە و ئەوە خاڵێکی ئەرێنییە.
 
لەبارەی زێی گەورەوە پێم وایە بە تەواوی لە نێوخۆی خاکی عێراقدایە و ئەو بڕەی کە لە تورکیاوە دێت لە ناوچەی هەکاری بڕێکی دیاریکراوە و هیچ بەنداوێکی گەورەی لەسەر نییە و زەوییەکانی زۆنی زێی گەورەش لە تورکیا زەوی بەردەڵانن و کشتوکاڵیان تێدا ناکرێت؛ بۆیە هەموو ئەو بڕە ئاوەی لە ئەنجامی بەفربارین لەو ناوچانە دەستدەکەوێت دێتە عێراقەو. بەڵام فورات جیاوازە. فورات پشت بەوە دەبەستێت کە لە بەنداوی ئەتاتورک دەردەچێت؛ رێککەوتنێک هەیە پێی دەڵێن بنەمای 500 کە وەکو کەمترین بڕ پێویستە تورکیا 500 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا بەربداتەوە.
 
لەو 500 مەترە 260 مەتر سێجای پێویستە بگاتە عێراق. بە داخەوە لە ساڵانی رابردوودا بە تایبەت لە ساڵی 2022، لە مانگی نیسانی 2022 کەمبوونەوەیەکی زۆر هەبوو لە سەرچاوە ئاوییەکاندا بۆ سنووری سووریا و سنوورە هاوبەشەکان کە دابەزی بۆ 290 مەتر سێجا لەبری 500 مەتر و ئەوەی دەگەیشتە عێراق 180 مەتر سێجا بوو لەبری 290 مەتر سێجا.
 
لەوکاتەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، عێراق نزیکەی 10 ملیار مەتر سێجا زیانی ئاوی بەرکەوتووە کە بۆی نەهاتووە، چونکە تورکیای دراوسێ پابەند نەبوو بە رێککەوتنەکەوە و ئەو بڕە داواکراوەی بەرنەدایەوە بۆ سنووری سووریا و تورکیا؛ هاوکات ئێستا سووریای دراوسێش بە هەمان شێوە دەستی بەسەر ئاودا گرتووە لە بەنداوی تەبەقە.
 
رووداو: سووریاش بە هەمان شێوە؟
 
عەون زیاب: سووریاش بە هەمان شێوە؛ ئاستی ئاوی بەنداوەکەیان دابەزیوە و دەیانەوێت پڕی بکەنەوە. ئێمە پەیوەندیمان پێوەکردوون و پەیاممان بۆ ناردوون بۆ وەزارەتی دەرەوە تاوەکو بە رێکاری دیپلۆماسی کێشەکە چارەسەر بکرێت و هەندێک پەیوەندی تەلەفۆنیشمان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی ئاوی سووریا ئەنجامداوە و پێمان گوتوون کە ئەم دیاردەیە نامۆیە و پێشتر سووریا ئاوی لێ نەگرتووینەتەوە. پێشنیازیشم بۆ وەزارەتی دەرەوە کرد کە سەردانی سووریا بکەم و چاوم بە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بکەوێت بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئەو خاڵە بە دیاریکراوی.
 
رووداو: جەنابی وەزیر، بە گشتی ئەو بڕە بەردانەوەیەی ئاو چەندە کە شایستەی عێراقە لە لایەن سووریاوە لەبارەی فورات؟ مافی عێراق ئێستا چەندە؟
 
عەون زیاب: لە راستیدا بەداخەوە، هەڵمان داوە و هەوڵ دەدەین بەشێوەیەکی بەردەوام، تاوەکو بگەینە رێککەوتننامەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ تورکیای دراوسێ لەبارەی ئەوەی کە تۆ گوتت لەبارەی پشکی ئاو. لە راستیدا ئێمە پەیوەندی باشمان هەیە لەگەڵ لایەنی تورکی، لە رێگەی نوێنەری بەرێز سەرۆکی تورکیا کە پێشتر وەزیر بوو فەیسەڵ ئێرئۆغل، کە دۆسیەی ئاوی بەدەستە و هەمیشە دەڵێن "ئێمە زیان ناگەیەنین بە عێراق و زیان بە برایانمان لە عێراق ناگەیێنین، بە پێچەوانەوە ئێمە ئامادەین ئاو دابین بکەین بەشێوەیەکی هەمیشەیی"، بەڵام کاتێک دێتە سەرئەوەی رێکبکەوین لەسەر ژمارەیەک، ئینجا هەرچەند بێت لەوێدا دەوەستن.
 
رووداو: ئەمە کێشەیە لەگەڵ لایەنی تورکی. لە ساڵانی رابردوودا زۆر بینیمان دەچووی بۆ تورکیا و بە هەمن شێوە دەچووی بۆ ئێران بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئاو؛ گەیشتیت بە هیچ ئەنجامێک لەگەڵ لایەنی ئێرانی لەبارەی ئاستەنگییەکان؟
 
عەون زیاب: لە راستیدا لایەنی ئێرانی ئەگەر واقیعی بین کە پێویستە واقیعی بین، لەگەڵ تورکیا لە دیجلەدا هاوبەشە، چونکە ئێران پەیوەندی بە فوراتەوە نییە. فورات نزیکەی لەسەدا 90ی لە تورکیاوە دێتە عێراق و ئێران پەیوەندی پێیەوە نییە. ئێران لەسەر ئەو سەرچاوانەی دێن و هەندێکیان سەرچاوەی وەرزین و هەندێکیان هەمیشەیین، ئێمە رێژەی داهاتی ئاومان لە ئێرانەوە تەنیا لەسەدا 18یە بۆ دیجلە لە رێگەی ئەو سەرچاوانەوە.
 
ئەوی دیکەی هەمووی لە تورکیا و بەشێکیشی لە نێوخۆی عێراقەوە دەرژێتە نێو دیجلە، وەکو ئەوەی باسمان کرد رووباری زێی گەورە و زێی بچووک و عوزێم، کەواتە هاوبەشییەکەی 18٪یە، بەڵام کاریگەرییەکەی لەکوێیە؟ بە شێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەریی دەکاتە سەر ناوچەی دیالە لە سیروان. رووباری سیروان کە سەرچاوەی بەنداوی دەربەندیخانە، هەموو ئەو سەرچاوانەی کە دەڕژێنە حەمرین لە باشووری دەربەندیخان؛ ئەمە بووەتە هۆی گۆڕینی ئەو سەرچاوانە.
 
خراپبەکارهێنان هەیە، هەندێکیان وشک بوون و رێڕەوی هەندێکیشیان گۆڕدراوە، ئەم پرسەم لە دیدارەکانم لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی دراوسێ و زیاتر لە جارێک لەگەڵ بەرێز وەزیری وزە و بەرپرسی کاروباری ئاو لە ئێران باسکردووە؛ دیدارەکانمان ئەرێنی بوون لە راستیدا و لێکتێگەیشتنمان هەبوو، چونکە دکتۆر مەحرومیان پیاوێکی تایبەتمەندە و تێدەدەگات لە واقیعی عێراق و دۆخمان. توانیومانە بگەینە هەندێک لێکتێگەیشتن.
 
باسم کرد کە پێویستە ئێمە شتەکان بە چاوی سەرنجەوە وەربگرین، ئەویش پشکی عێراقە لەو سەرچاوانەی کە رێڕەوەکانیان گۆڕدراوە و گوتم، "بە داخەوە دەرفەت بە ئێمە نەدراوە بەشێوەی مەیدانی بێین و ئەو بابەتە ببینین"، گوتی، ئاساییە هەرکاتێک هەر شاندێکی تەکنیکی بێن، دەتوانن سەردانی ناوچەکە بکەن و هەموو شت ببینن؛ ئاماژەمان بەوەدا کە لەماوەی ئەم دوو ساڵەی رابردوودا هەڵوێستی ئەرێنی هەیە و داهاتی ئاوی دەربەندیخان باش بووە، لە راستیدا ئاوی گلدراوە لە دەربەندیخان باشترە لە دوو ساڵی رابردوو، واتە ئەمە هەم بابەتێکی ئەرێنییە و بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەو بڕە ئاوەی دەگاتە دەربەندیخان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دیالەیە، چونکە دیالە بە دۆخێکی زۆر قورسدا تێپەڕی پێش دوو ساڵ؛ ئاستێکی زۆر خراپمان هەبوو لە دەربەندیخان و حەمرین، بەڵام سوپاس بۆ خودا هاوینی رابردوو توانیمان ئاو دابین بکەین بۆ کێڵگە کشتوکاڵییەکانی دیالە، زستانی رابردووش زستانێکی باش بوو بۆ بارینی باران. ئێستا ئاوی گلدراوە لە بەنداوی دەربەندیخان 500 ملیۆن مەتر سێجا زیاترە لە ساڵی رابردوو.
 
بەنداوی حەمرین بڕی ئاوی گلدراوە تێیدا 200 ملیۆن مەتر سێجا لە ساڵی رابردوو زیاترە. ئەوە دڵنیایمان دەداتێ لەگەڵ گلدانەوەی ئاو لەم زستانەدا بۆ دابینکردنی ئاو لە هاوینی داهاتوو، هاوکات خاڵێکی گرنگ هەیە کە لەگەڵ لایەنی ئێرانی پێشنیازکراوە، ئەویش رووبارەکانی (کەرخە و کاروون)ن. بەپێی رێککەوتننامەی جەزائیر75، بە داخەوە کە ئەو دوو رووبارە بوون بە رووباری ئێرانی بە تەواوەتی، هەم سەرچاوەکانیان و هەم رێرەوەکانیان کەوتنە نێو ئێرانەوە، لەبەرئەوەی سنوورەکە لە قووڵترین خاڵی شەتولعەرەبدا بوو لەگەڵ حوێزە لەنێو ئێران، کەواتە رەنگە بابەتێکی پڕ کێشمەکێش بێت و ناتوانین گوشار بخەینە سەر ئێرانی دراوسێ کە ئاوی ئەو دووناوچەیەمان بداتێ، چونکە ئەوە بابەتێکی ناوخۆیی و نیشتمانییە بەلای ئەوانەوە، بەڵام ئێمە بەو ئاراستەیەدا هەنگاومان ناوە شەتولعەرەب کە خۆی هاوبەشە لەنێوانمان ژمارەیەک شاری ئێرانی دەکەوێتەسەر وەکو ئابادان و چەند شارێکی عێراقیشی دەکەوێتەسەر وەکو فاو و بەسرە.
 
پێویستە پارێزگاری لەو رووبارە بکەین و ئاوەکەی کە ئاوەکەی شیرینە و ئاوی سەر زەوییە و وەکو ئاوی کەنداو نییە. لە پاراستنی ژینگەی شەتولعەرەبدا ئێران رۆڵێکی باشی بینی. ساڵی رابردوو و رێرەوی کاروونی گۆڕی و وای کرد بەردەوام ئاو بڕژێنێتە شەتولعەرەبەوە؛ ئەوەش زۆر هاوکارمان بوو بۆ سەقامگیریی ژینگەیی شەتولعەرەب و دابینکردنی ئاو بۆ بەسرە کە لە ساڵی 2018ەوە دەیناڵاند بەدەست قەیرانێکی گەورە بەهۆی بەرزبوونەوەی بڕی خوێ بۆ ئاستێکی زۆر مەترسیدار لە شەتولعەرەبدا کە بووە هۆی چەندین ژەهراویبوون و 160 هەزار کەس ژەهراویبوون کە بووە هۆی خۆپیشاندان و کاریگەریی کردە سەر حکومەت لەو کاتەدا.
 
هاوینی ساڵی رابردوو ئاوێکی گلدراوەی زۆر کەمترمان هەبوو لە ساڵی 2018 کە بڕەکەی گەیشتە 10 ملیار مەتر سێجا، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئەو گرفتانەمان تووش نەبوون لە ئەنجامی کرانەوەی رووباری کاروون لەلایەک، هاوکات بەڕێوەبردنێکی دروست بۆ بەردانەوەی ئاو بە بڕی دروست لە رووباری دیجلەوە بۆ شەتولعەرەب.
 
رووداو: جەنابی وەزیر، تۆ کەسێکی پیشەییت. لە بواری ئاودێری و بەڕێوەبردنی کاروباری ئاودا زیاتر لە 50 ساڵە کاردەکەیت؛ 56 ساڵ بە دیاریکراوی کە تەمەنێکە. ئێستاش تۆ وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی لە عێراق و سیاسەتڤان نەبوویت، بەڵام پرسیارەکەم ئەوەیە لە دانوستاندنەکانت لەگەڵ لایەنی ئێرانی و لایەنی تورکی بە هەمان شێوە، تاوەکوچەند دەستوەردانی سیاسی هەیە لە کاروبارە تەکنیکییەکاندا؟
 
عەون زیاب: لە راستیدا من گفتوگۆ لەگەڵ کەسە تەکنیکییەکاندا دەکەم هەمیشە، بەڵام بڕیار و خاوەن بڕیارەکان لە کەسە تەکنیکییەکان نین. کەسانی تەکنیکی تێڕوانینی تەکنیکییان پێدەدەن، گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسانی تەکنیکی ئاسانە لەبەرئەوەی پسپۆڕییان هەیە و تێگەیشتنیان هەیە بۆ دۆخەکە و لەیەک تێدەگەین. بێ گومان رەهەندی سیاسیشی هەیە.
 
من ناتوانم وەکو شرۆڤەکارە سیاسییەکان یان خاوەن بۆچوونە سیاسییەکان گوزارشتی لێ بکەم، بەڵام لایەنی سیاسی هەیە، چونکە ئاو وەکو دەزانن کە پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، رەنگە ببێتە هۆی ناکۆکی؛ ناکۆکیی دەرەکی یان ناوخۆیی لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئاو. بە دڵنیاییەوە ئەوە مەترسییە لەسەر خەڵک.
 
رووداو: وەکو وەزیر پاڵپشتیی سیاسیت هەیە لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە؟ دەزانم پشتیوانیی سیاسیی هەیە، بەڵام ئەو پشتیوانییە هەیە کە خوازیاریت لەرووی سیاسییەوە هەتبێ بۆ کارە تەکنیکییەکان؟
 
عەون زیاب: بەڵێ، لە راستیدا تێگەیشتن هەیە، ببینە لە راستیدا لێت ناشارمەوە دۆسیەی ئاو لە هەموو وڵاتانی چواردەوردا بە دەستی بەرزترین ئاستە لە وڵاتدا لە هەموو وڵاتانی دراوسێ لە تورکیا و لە ئێران و لە سووریا و تەنانەت لە میسر، دەبینن کە دۆسیەکە بەدەست بەرێز سیسییە لە میسر، لە راستیدا ئێمە بەو ئاراستەیە هەنگاومان ناوە کە هەموو دۆسیەکە بەدەستی بەرێز سەرۆکوەزیران بێت، لە بەختی باشیشمان بەرێز سەرۆککۆمار پێشتر وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان بووە و تێدەگات لە دۆخەکە.
 
هاوکات کۆبوونەوە و دیدارمان هەیە لەگەڵ زۆرینەی سەرکردە سیاسییەکانی دەوڵەتی عێراق با بڵێین ئەو بەرپرسانەی ئێستا هەن، توانیومانە پەیامێکیان پێ بگەیەنین لەبارەی مەترسیداریی دۆسیەی ئاو و پێویستە ئەم دۆسیەیە دۆسیەیەکی سەروەریی بێت، چونکە لە راستیدا ئاستی مەترسییەکەی زۆرە و کاریگەریی هەیە لەسەر ژیانی خەڵک و وەکو گوتم رەنگە ببێتە هۆی دروستکردنی ململانێی ناوخۆیی لە زۆر ناوچە و کاتێک سەرچاوەکە کەمدەبێتەوە کێبەرکێ دەکەن لەسەر پڕکردنەوەی پێداویستییە ئاوییەکانیان و پێویستە بە دانایی مامەڵە بکەین تاکو نەبێتە هۆی ناکۆکی و ململانێ لەنێوان رەنگە بارێزگەکان، یان لەنێوان ناوچەکان لەناو یەک پارێزگەدا هەندێکجار ئەو جۆرە لە ململانێ سەرهەڵدەدات..
 
رووداو: لەبارەی ئەو ململانێیە، بیرمانە و رەنگە هەموو عێراقییەک چیرۆکێکی هەبێت بۆ نموونە لە گوندێک لە رابردوودا ناکۆکی لەناو ماڵباتەکاندا هەبووبێت لەسەر ئاو، پێدەچێت ئەم جۆرە ناکۆکییە ببینین بەڵام لە بازنەیەکی فراوانتردا، لە بازنەی پارێزگەیەکدا، لە بازنەی دوو پارێزگەدا لە نێوخۆی عێراق؟
 
عەون زیاب: لە راستیدا ئەو ململانێیە چاوەڕوانکراوە، چونکە راستییەک هەیە و دیزانین و دەمەوێت بگات بە هەموو کەسێک، زیادبوون هەیە لە ژمارەی دانیشتووان، لەپاڵیشیدا سەرچاوە ئاوییەکان هەر وەکو خۆیانن یان کەمبوونەتەوە بەهۆی گۆڕانکارییە ژینگەییەکانەوە، بەڵام بەردەوام دانیشتووان زیاد دەکەن و پێداویستییەکانیشیان زیاتر دەبێت بۆ ئاو نەک تەنیا بۆ خواردنەوە بەڵکو بۆ هەموو پێداویستییە مرۆییەکان و بۆ کشتوکاڵ، چونکە  ئاسایشی خۆراکیش پەیوەندی بە ئاوەوە هەیە، سەرنج بدە ئەگەر تۆ سەرچاوەیەکی دیاریکراوت هەبێت، لەگەڵ زیادبوونی خواست، خستنەڕوو کەمتربێت لە خواست کورتهێنان دروستدەبێت لەرووی زانستیشەوە، کەواتە ئەم کورتهێنانە ناکۆکی دروستدەکات لە هەندێک ناوچە، لە هەندێ ناوچەش سەرچاوەکانیان هاوبەشن.
 
بۆ نموونە من باسی شەتولحللە دەکەم، شەتولحللە شاری حللە یان بابل دواتر دیوانییە و دواتر سەماوە 3 پارێزگە دەکەونە سەر شەتولحللە، ئێمە سیستمێکی دابەشکردنمان هەیە لەنێوانیاندا بەپێی رێژەی دیاریکراوە، ٪45 بۆ حللە، 45 بۆ دیوانییە و 10٪ بۆ سەماوە، چەند وێستگەیەکی پێوانەیمان هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو بابەتە، بەڵام هەندێککات سەرپێچی و زیادەڕۆیی هەیە، ئەگەر ئەو زیادەڕۆییانە کەم و بچووک بن ئەوا زۆر ناخایانن، بۆ نموونە ئەگەر من ناتوانم ئاوبڕژێنمە شەتولحللە بە بڕی 100 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، و 50 یان 60 مەتر سێجا ئاوبڕژێنمە ناوی لە چرکەیەکدا، ناکۆکیی گەورە دروستدەبێت ئەو بڕەی دەگاتە سەماوە زۆر کەم دەبێت لەو کاتەدا ناچاری پشکی حللە کەمبکەیتەوە تاکو قەرەبووی دیوانییەی پێ بکەیتەوە.
 
یاخو ئاو ناگاتە سەماوە، بەوە کێشە دروستدەبێت یان نموونەیاکی تر شەتولغەراف کە هاوبەشە لەنێوان پارێزگەکانی واست و بەسرە، چوار پارێزگەی لەسەر بەسرە، واست، هاوکات زیقار و میسانیشی لەسەرە هەندێ لقی دەگاتە میسان، ئەگەری ناکۆکیی هەیە بەڵام ئێمە پێویستە شێوازی ئیدارەدانێکی دانایانە پیادە بکەین و ئەو رێچکانە بگۆڕین کە کاریان لەسەر دەکەین، تاکو بڕێکی کەم لە ئاو بەفیڕۆ بچێت و بە شێوەیەکی دانایانە ئاو بەکاربهێنین ئەمە ئەو خاڵەیە کە هەنگاوی بۆ دەنێین.
 
رووداو: ئەوەی باسدەکرێت لە ژمارەیەکی زۆری راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئەوەیە کە رەنگە ناکۆکی و ململانێ لە عێراق سەرهەڵبدات بەهۆی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و کاریگەریی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان، لەنێویاندا ململانێ لەبارەی سەرچاوە ئاوییەکان، لەنێویاندا ململانێی سیاسیی رەنگە چونکە بەشێوەی سیاسیی بەکاردەهێنرێت و لە نێویشیدا ئاوارەبوونی ناوخۆیی، بەڵام ئایا تێگەیشتنێکی سیاسی هەیە لە نێوخۆی عێراق لەلایەن سەرکردە سیاسییەکانەوە لەبارەی مەترسیداریی ئەو دۆخە؟
 
عەون زیاب: بابەتەکە مەترسیدارە، بابەتی ئاو لە عێراق بەبەتێکی مەترسیدارە، بە دڵنیایی من لێت ناشارمەوە ئەم بابەتەم گەیاندووە با هەموو بەرپرسان و هەموو بەرپرسانیش ئاگەداری ئەم بابە و رێژەی مەترسییەکەین، لە راستیدا وەکو پێم گوتی ئێمە دەبێت بە ئاراستەی نوێدا هەنگاو بنێین، ئێستا پشتیوانییەک هەیە لەلایەن بەرێز سەرۆکوەزیران و دیدگایەکی جیدی هەیە بۆ گۆڕینی سیستمی ئاودێری، پشتیوانی وەزارەتی کشتوکاڵی کردووە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەجۆرێک لەبارەی ئاوپرژێنە کشتوکاڵییەکان پێشتر لە عێراق ژمارەیان نەدەگەیشتە 400 ئاوپرژێن، تەنیا ئەم ساڵ 12 هەزار ئاوپرژێن هاوردەکراون و زیاتریش دەبن.
 
ئێستا سەرنج بدە ناوچە بیابانییەکان لە عێراق بوونەتە بازنە بازنە، کە ئاسمانەوە سەیری بکەی یان لە نەخشەوە زۆر دەیانبینیت، ئەوە شێوازی ئاودێریی مۆدێرنە لەرێگەی ئاوپرژێنی بازنەییەوە، پشتیوانییەکی گەورە هەیە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە بەو ئاراستەیە بە دڵنیایی کاریگەریی ئەرێنی هەبووە و ئێستا خەڵک خواستی هەیە بۆ بەکارهێنانی ئەو رێگەیە چونکە ئەنجامەکی دەبینی، کشتوکاڵ بەو رێگەیە بەرهەمێکی زۆریان دەداتێ بە هەوڵێکی کەمتر، هەندێککات لە زستاندا شەپۆڵیک یان دوو شەپۆل باران دێت پێویستی بەوە نییە ئاوپرژێنەکە بەکاربخات کاری ئاوپرژێنەکە تەواوکەری بارانە کە لە شوێنێکی دیاریکراو بەکاردەهێنرێت ئەوە بووەتە هۆ پاشەکەوتی ئاو بە هەمانشێوە.
 
رووداو: زۆرجار باس لە ئاوی سەرزەوی دەکەین لە عێراق چونکە بەچاو دەیبینین، بەڵام ئاوی ژێرزەویش گرنگییەکەی لەوە کەمتر نییە، بۆچوونێک هەیە کە کەمبوونەوەی ئاوی سەرزەوی کاریگەریی کردووەتە سەر ئاوی ژێرزەوی ، ئەی ژێرزەوی لە چ ئاستێکدایە لە عێراق؟
 
عەون زیاب: لە راستیدا ئەوە پرسیارێکی زۆر گرنگە، ئاوی ژێرزەوی لە عێراق بە هەمان شێوە لەبەردەم مەترسیدایە، ئەگەر مامەڵەکردن لەگەڵیدا بەشێوەیەکی جیدی و دارێژراو نەبێت، ئەمە بە هەمان شێوە شمشێرێکی دوو سەرەیە لە راستیدا چونکە ئاوی ژێرزەوی لە عێراق بەفیڕۆ نەدراوە وەکو ئەوەی لە هەندێ وڵاتانی دراوسێ بەکاردێت وەکو عەرەبستانی سعودیە کە بەشێویەکی بەرفراوان بەکاریهێناوە و تەنانەت ساڵێک رایگەیەند کە لە بەرهەمهێنانی گەنمدا گەیشتووەتە ئاستی خۆژیێنی،  بەڵام دواتر ئاوی ژێرزەوی دابەزی و کاریگەریی خراپی لێکەوتەوە هەربۆیە پرۆسەکەیان بە تەواوی راگرت پرۆسەی کشتوکاڵیان بەوشێوەیە وەستاند و تەنانەت ئەو ئامێرانەی کە هاوردەی کردبوون فرۆشتنی و هەناردەی وڵاتانی دیکەی کردن ئەو ئەزموونە هەیە، هاوکات ئەزموونێکی دیکە هەیە لە هەرێمی کوردستان بەداخەوە لە دەشتی هەولێر کە بەهەمان شێوە ئەزموونێکی هەڵەبوو، چونکە بووە هۆکاری بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی بەشێوەیەکی بەرفراوان بەجۆرێک ئاستی قووڵی بیر ئێستا لە 180 مەترەوە گەیشتووەتە 300 مەتر و ئاوی ژێر زەوی نادۆزرێتەوە.
 
بۆیە پێویستە ئاگەداربین لەبارەی ئاوی ژێرزەوی، هەربۆیە من باسی ئەو ئاوپرژێنە بازنەییانەم کرد لە عێراق ئێستا ئێمە هیچ رەزامەندییەک نادەین بۆ وەبەرهێنان لە زەوی کشتوکاڵیدا لە ناوچە بیابانییەکان ئەگەر پشت بە ئاوی ژێرزەوی ببەستێت بۆ ئاودێری سەرزەوی و پێویستە ئاودێرییەکەی ئاوپرژێن بێت، بە هیچ شێوەیەک واتا بە هیچ شێوەیەک رەزامەندی نادەین بۆ بەکارهێنانی ئاودێری تەقلیدی بۆ ئەوەی پارێزگاری بکەین لە ئاوی ژێرزەوی، هاوکات بۆچوونێکمان هەیە بۆ راگرتنی هەندێک شێوازی بیرلێدان لە ناوچەکانی نەجەف و کەربەلا بە هەمان شێوە ئێستا رێکار گیراوەتەبەر چونکە زۆر بیر هەڵکەنراوە، بەشی زۆریمان پڕکردووەتەوە و بە پێوەر و شێوازی تایبەت کاردەکەین لوگەڵ ئەو بیرانەدا کە هەن تاکو کۆنترۆڵی ئەو بڕە ئاوە بکەین کە دەیدەین بە بەکارهێنەران لە ناوچەکە، تێڕوانینێکی جیدی هەیە لەمبارەیەوە، ئێمە پێداگیرین لەوەی پارێزگاریی بکەین بۆ پاراستنی ئەم سامانە، چونکە ئاوی ژێرزەوی و ئاوی سەرزەوی و ئەو ئاوەی لە ناوچە کشتوکاڵییەکاندا بەکاردێن هەموویان دەچنە چوارچێوەی بودجەی ئاو لە عێراق.
 
رووداو: بەڵام ئەو مەترسییانەی لەسەر ئاوی سەرزەوی دروستبوون هەمان ئەو مەترسی و کەمبوونەوەیە لەسەر ئاوی ژێر زەویش هەیە؟
 
عەون زیاب: مەترسی هەیە، بەڵام لە راستیدا ئەرکی ئێمە دانانی سنوورە بۆ ئەو مەترسییانە ئەوئەوەیە کە ئێستا کاری لەسەر دەکەین، لە راستیدا مەترسی لە هەردوولاوە هەیە. لە راستیدا سەرچاوەی ئاو لە ئاسمانەوە دێت، لە باران و بەفر و ئاوی ژێرزەوی، ئەرکی وەزارەت ئیدارەدانی ئەو سەرچاوانەیە، ئەگەر ئیدارەکە دانایانە بوو و بەشێوەیەکی هۆشیارانە ئیدارەدرا بەبێ بەهەدەردان لەگەڵ هۆشیارکردنەوەی جووتیار و هاوڵاتییان خاڵی ژیانیی گرنگن و تێدەگەین کە ئەم سەرچاوانە سەرچاوەیەکن ئەگەر هەیە نەمێنن لەو رووانگەیەوە پێویستە بەشێوەیەکی زیرەکانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین و تەمەنی درێژ بکەینەوە بۆ ئەو کاتەی کە دەتوانرێت ئەمە ئەوەیە ئێمە کاری لەسەر دەکەین، بەکارهێنانێکی پارێزراوی ئاو.
 
رووداو: پرۆژەی زۆرتان هەیە بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە بەنداوەکانەوە هەیە، پێموایە 36 بەنداون لە ساڵانی داهاتوودا، 3 لەو بەنداوانە پێموایە لە چوارچێوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندان، ئەم ساڵ دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت؟
 
عەون زیاب: لە راستیدا توێژینەوەکانیان ئەم ساڵە، چونکە بونیادنانیان پەیوەندی بە بودجەی وەبەرهێنانەوە هەیە لە دەوڵەت، ئێستا ئێمە توێژینەوە دەکەین نەک تەنیا لەسەر 3 بەنداو بەڵکو رەنگە زیاتریش بن کە ناویان دەنێین بەنداوی کۆکراوەی ئاو واتا بەنداوی کۆگاکردن نا، بەنداوی کۆکردنەوەی ئاو بۆ ئەوەیە کە ئاو لە شوێنێکدا پەنگبخواتەوە تاکو ببێتە سەرچاوە بۆ ئاوی ژێرزەوی و زیادکردنی ئاوی ژێرزەوی، ئەوە لە ناوچەکانی رۆژهەڵات دەبێت لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی رۆژئاوا لە بیابان، وەکو گوتت ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 36 بەنداو کە پلانیان بۆ دانراوە، بەشێوەی هەنگاو بە هەنگاو دەستمان پێکردووە بۆ تەواوکردنی توێژینەوە لەبارەی هەندێکیان و بەدواداچوون بۆیان دوای تەواوبوونی توێژینەوەکانیان دەدرێنە وەزارەتی پلاندانان دواتر جێبەجێ دەکرێن، ئەم قۆناخانە یەک بەدوای یەکدا دێن.
 
رووداو: بودجەی بەنداوەکان نزیکەی چەند دەبن؟
 
عەون زیاب:  لە راستیدا ئێمە خواستمان هەیە کە بودجەیەکی بەرز بێت بەڵام لە راستیدا دەکەوێتە سەر بودجەی وڵات ئێمە داوای بڕەپارەی گەورە دەکەین بۆ ئەم بابەتە و پێشنیازی زیاتر لە 400 ملیار دینار دەکەین بەڵام بەڵام دەزانی ئەوە دەکەوێتە سەر ئەوەی کە دەوڵەت دابینی دەکات، ساڵانە دەتوانن چەندمان بۆ تەرخان بکەن بۆ دروستکردنی ئەو بەنداوانە ئەوە پشت دەبەستێت بە بودجەی وەبەرهێنان لە وڵات چونکە لە کۆتایدا ئەوە بودجەیەکی گشتگیرە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە