دادگە بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای راگرت

09-03-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی کارگێڕیی عێراق، بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای راگرت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 09-03-2025، دادگەی کارگێڕیی عێراق، بڕیاری دوورخستنەوەی ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای راگرت، تاوەکو کەیسەکەی لە دادگە یەکلادەبێتەوە. 
 
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی، دادگەی کارگێڕیی بە فەرمانێکی سالاری، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای بە دوورخستنەوەی سەرۆکی ئەنجوومەن راگرت.
 
بەگوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنەکە، ئەحمەد حاسوود، وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەموو دەسەڵاتەکانی بۆ گەڕایەوە، تاوەکو  ئەو کەیسە لە دادگا یەکلادەبێتەوە. 
 
ئەحمەد حاسوود، ئەندامى هاوپەیمانیی عەقدى وەتەنییە، کە فالح فەیاز، سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبی سەرۆکایەتى دەکات.
 
هاوکات، ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ یەکشەممە 09-03-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای بڕیارەکەی دادگەی کارگێڕیی،  ئەحمەد حاسوود بەشێوەیەکی کاتی دەگەڕێتەوە سەر پۆستەکەی وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا تاوەکو دادگە کەیسەکە یەکلادەکاتەوە.
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەگەڵ ئەوەی باوەڕی تەواوی خۆی بە "سەربەخۆیی و بێلایەنی دادگە" دووپاتکردەوە، هاوکات ترسی خۆشیان نەشاردەوە کە گوشاری سیاسی بکرێتە سەر دادگە.
 
لەبارەی وادەی یەکلاکردنەوەی کەیسەکە، ئەحمەد دووبەردانی لەگەڵ ئەوەی ئاماژەی بەوەکرد، کە هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە و دەکەوێتە سەر بڕیاری دادگە.
 
بەڵام پێیوایە، ئەگەر ئەحمەد حاسوود بزانێت دادگە لە بەرژەوەندی ئەو بڕیاردەدات هەوڵدەدات بە زووترین کات دادگە بڕیارەکەی دەربکات، بە پێچەوانەش ئەگەر لە بەرژەوەندی ئەودا نەبێت، هەوڵدەدات تاوەکو ئەو پەڕی گوشاری سیاسی بکات و بڕیاری دادگە دوابکەوێت تاوەکو بۆ ماوەیەکی زیاتر لە پۆستەکەی بمێنێتەوە.  
 
رۆژی 5ـی ئاداری 2025 بەبێ ئامادەبوونى ئەحمەد حاسوود، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا دەنگیان لەسەر لادانى دا لە پۆستەکەى. ئەویش لە دادگەی کارگێڕی سکاڵای تۆمارکرد. 
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە