کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا: مەترسی هەیە سیناریۆی بۆشایی ئەمنی لە چوار پارێزگا دووبارە بێتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رایگەیاند، دووبارەبوونەوەی هێرشەکان لە کەرکووک، ئەنبار، نەینەوا و سەلاحەدین جێگەی چەندین پرسیارە و مەترسی هەیە ئەزموونی بۆشایی ئەمنی رابردوو لەو پارێزگایانە دووبارە بکرێتەوە. داواشی لە حکومەت کرد سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەستەبەر بکات و یاداشتی ناڕەزایەتیش بداتە کاربەڕێکەری کاروباری ئەمریکا لە عێراق.
 
ئەمیندارێتیی گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو هێرشە بڵاوکردەوە کە لە 25ی ئادار کرایە سەر سەربازگەیەکی حەبانییە لە ئەنبار، کە بەهۆیەوە 7 سەرباز کوژران.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دووبارەبوونەوەی هێرشەکان بە هێزی گەورەی بۆردوومان لە موسڵ، کەرکووک، سەلاحەدین و ئەنبار، جێگەی چەندین پرسیار و مەترسییە لەبارەی نییەتی دووژمنکارانە و ترسێنەر بۆ دروستکردنی بۆشایی ئەمنی لەو پارێزگایانە، بۆ ئەوەی سیناریۆی ئەمنی پێشوو دووبارە ببێتەوە کە زیانی زۆری بە عێراق و رۆڵە و داهاتەکانی گەیاند."
 
مەبەست لەو هۆشدارییەی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، دەرکەوتنی رێکخراوی داعش بوو لە ساڵی 2014 کە شاری موسڵ و بەشێک لە ناوچەکانی ئەو سێ پارێزگایەی دیکەی داگیر کرد.
 
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رایگەیاند، هانی حکومەت دەدەن بۆ گرتنەبەری رێکاری کرداریی زیاتر لەسەر زەوی و ئاسمان و بانگهێشتکردنی کاربەڕێکەری کاروباری ئەمریکا بۆ ئەوەی یاداشتی ناڕەزایەتی فەرمیی پێ بدرێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "داوا لە حکومەت دەکەین هێزە چەکدارەکانی عێراق بە سیستمی بەرگریی ئاسمانی بەهێز بکات، پێشهاتەکانی ئەمدواییە سەلماندیان کە زۆر پێویستی بەو سیستمە هەیە."
 
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا یەکێکە لە گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق کە نزیکە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەبو ئاڵا وەلائی، ئەمینداری گشتییەتی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قاسم ئەعرەجی

قاسم ئەعرەجی: هێرشکردنە سەر پێشمەرگە و سوپا و حەشد لێدانە لە شکۆی دەوڵەت

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، بەئامانجگرتنی هەر پێکهاتەیەکی ئەمنیی عێراقی، بە "دەستدرێژییەکی مەترسیدار" بۆ سەر یەکپارچەیی و شکۆی دەوڵەت دادەنرێت.