سوودانى چەند بڕیارێک بۆ چالاککردنى بانکە تایبەتەکان دەردەکات

09-04-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق بڕیار لەسەر چەند رێوشوێن و هەنگاوێک دەدات بۆ چالاککردنى کەرتى بانکى تایبەت، لەوانە زیادکردنى سپاردەى دارایی حکومەت لەو بانکانە و دابینکردنى پێداویستى دراوى بیانى بۆ لقى بانکەکان لە دەرەوە و زیادکردنى پشکى سەرمایەى بیانى لەو بانکە عێراقیانە.
 
میدیاى فەرمیى عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بڕیارى لەسەر چەند رێوشوێن و هەنگاوێک داوە بۆ چالاککردنى کەرتى بانکى تایبەت بۆ ئەوەى بۆ قۆناخى داهاتوو زیاتر فرە سەرچاوەیی ئابوورى بێتە ئاراوە.
 
یەکێک لەو رێوشوێنانە ئەوەیە کە ئەنجوومەنى وەزارى ئابوورى تاوتوێى پێشنیازێک بکات بۆ زیادکردنى سپاردەى دارایی دامەزراوە حکومییەکان و حکومەتى فیدراڵى لە بانکە تایبەتەکان، تاوەکو بتوانن چالاکى بانکى زیاتر بکەن و رۆڵ ببینن لە پەرەپێدانى کەرتە جیاوازەکان و پارەدارکردنى خزمەتگوزارییە داراییەکان لە نێوخۆ و دەرەوەى عێراق.
 
رێوشوێنکى دیکە ئەوەیە کە ئەنجوومەنى بەڕێوەبردنى بانکى ناوەندى بڕى پشکى سەرمایەى بیانى لە بانکە عێراقییەکان دیاری دەکات بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندى ئابووریى عێراق بێت و پێویستیى لقى بانکە تایبەتییەکان لە دەرەوە بۆ دراوى بیانى پڕبکرێتەوە، ئەوەش بەمەبەستى بازرگانیى دەرەکى کەرتى تایبەت بەگوێرەى رێوشوێنە کارپێکراوەکان.
 
یەکێکی دیکە لە رێوشوێنەکان ئەوەیە کە نوێنەرانى کەرتى بانکى تایبەت بەشدارییان پێبکرێت لە تاوتوێکردنى ئەو پرسانەى پەیوەندیدارن بە دامەزراوەکانى دەوڵەت، لەوانە کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى کارگێڕى بانکى ناوەندیی.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە