رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەغدا کۆبوونەوە و جەختیان لە بەردەوامی کاری لیژنەی لاوەکی کردەوە. گوتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی دەڵێت، سرووشتی پەیوەندی نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و عێراق دەگۆڕدرێت بۆ هاوبەشییەکی ئەمنی دوو قۆڵی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 9ی نیسانی 2024 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 8ی نیسانی 2024 لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق لە شاری بەغدا لەگەڵ لیژنەی باڵای سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەر سێ لیژنەی پەیوەندیدار بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کارەکانی ئەو لیژنە لاوەکییە کرا کە لە کانوونی دووەمی 2024ەوە دەستبەرکاربووە و کاری هەڵسەنگاندنە بۆ هەڕەشەکانی داعش، ژینگەی ئۆپەراسیۆنەکان، رەوشی ئەمنی و توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، "هەردوولا جەختیان لە توانا و لێهاتوویی هێزە ئەمنییەکان لە تێکشکاندنی داعش کردەوە؛ هەروەها گوتیان کاری لیژنەی لاوەکی بەردەوام دەبێت بۆ خستنەڕووی هەڵسەنگاندنەکانیان بۆ لیژنەی باڵای سەربازی و بەرزکردنەوەی راسپاردەکانیان بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر خشتەی کاتی بۆ ئەوەی سرووشتی پەیوەندی نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و عێراق بگۆڕدرێت بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵی لەنێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوەش ببێتەهۆی بەرزکردنەوەی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق و کارکردن بۆ پەرەپێدانیان بەشێوەیەک کە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە و ئاساییشەکەی بەهێز بکات".
هاوکات هەر رۆژی سێشەممە 9-4-2024 وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کۆبوونەوەکەی بەغدا بە سەرۆکایەتی عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق و مایکڵ کۆریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم بەڕێوەچووە.
پێنتاگۆن رایگەیاندووە، "هەردوولا جەختیان لە پابەندبوونی خۆیان بۆ پڕۆسەی گۆڕانی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە قۆناخی لەنێوبردنی داعشەوە بۆ هاوئاهەنگی ئەمنیی درێژخایەنی نێوان عێراق و ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردەوە".
هەردوولا هەروەها جەختیان لەسەر فراوانکردنی هاوئاهەنگییە ئەمنییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق کردووەتەوە بە جۆرێک ئەو هاوئاهەنگییە "ببێتەهۆی سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا".
هەروەها هەردوولا لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەسەر هەوڵەکان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی رێگەنەدرێت داعش خۆی رێکبخاتەوە؛ جەختیشیان لە پاڵپشتیکردنی سەروەری، سەقامگیری و یەکگرتوویی عێراق کردوەتەوە.
عێراق و ئەمریکا لە ساڵی 2008دا دوو رێککەوتنیان واژۆکرد؛ یەکەمیان ناسراوە بە "رێککەوتنی سۆفا" و دووەمیان "رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی".
رێککەوتنی یەکەمیان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کانوونی یەکەمی 2011 کۆتاییهات. دووەمیان رێککەوتنێکی فراوانە و تەنیا لایەنی ئەمنی ناگرێتەوە، بەڵکو بابەتی سیاسی، دیپلۆماسی، رۆشنبیری، خوێندن، ژینگە و زۆر بابەتی دیکەی لەخۆگرتووە و هیچ کاتێکیش بۆ کۆتاییهاتنی دیاری نەکراوە.
هەفتەی داهاتوو محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی باڵا، لەنێویاندا نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتن دەبن و لەسەر چەندین پرسی جیاواز لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا گفتوگۆ دەکەن.
یەکێک لە کۆبوونەوەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێت کە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوئاهەنگی دەبێت. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەو کۆبوونەوانە رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەستپێدەکەن.
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوئاهەنگیی ئەمریکا و عێراق هەفتەی داهاتوو لە رۆژی دووشەممە دەستپێدەکات کە سەرنجیان لەسەر کارە لەپێشینەکان و پەیوەندییەکی فراوانی هەردوو وڵات دەبێت، لەنێویاندا پرسی سەربەخۆیی وزە، خزمەتگوزاریی چاکسازیی ئابووری بۆ خەڵکی عێراق و بەهێزکردنی دیموکراسی و سەروەریی یاسا و هەروەها پەیوەندییە پەروەردەیی و کولتوورییەکان."
لەو کۆبوونەوانەدا شاندی هەرێمی کوردستان بەشدار دەبن و ئەمریکاش مەبەستیەتی کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر ببن. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی "نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەشداری لەو گفتوگۆیانە دەکەن. ئەمریکا پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانێکی خۆڕاگر و بەهێز دەکات لە چوارچێوەی عێراقێکی بەهێز و فیدراڵ و سەقامگیر، هاوکات هانی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدەین هەوڵەکانیان دوو هێندە بکەن تاوەکو کێشەکانیان چارەسەر بکەن و خێروبێری ئابووری بۆ هەموو عێراقییەکان دەستەبەر بکەن."
بڕیارە رۆژی 15ی ئەم مانگەش محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ