وەزیرى ناوخۆى عێراق سکاڵا لە دژى پێدانى پاسپۆرتى دیپلۆماسی بە 14 پۆست تۆمار دەکات

09-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرى ناوخۆى عێراق لە دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق سکاڵا لە دژى هەمواری یاسای پاسپۆرت تۆمار دەکات، کە رێگە دەدات بە پێدانى پاسپۆرتى دیپلۆماسی خاوەنى 14 پۆستى باڵا و ئەندامانى خێزانەکانیان. 
 
سکاڵاکەى وەزیرى ناوخۆى عێراق لە دژى پێشنیازەیاساى هەموارى یاسای پاسپۆرتە، بە دیاریکراوى مادەى دووى هەموارەکە و داواى کردووە دادگەى باڵاى فیدراڵى بە نادەستووریى بناسێنێت. 
 
مادەى دووى ئەو هەموارە 14 پۆستى دیاری کردووە، کە خۆیان و ئەندامانی خێزانەکانیان پاسپۆرتى دیپلۆماسییان پێ بدرێت، لەوانە سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، سەرۆکى پەرلەمان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، سەرۆکى هەرێم، حکومەت و پەرلەمانی کوردستان.
 
13ـی کانوونى دووەمى 2025 پەرلەمانى عێراق پێشنیازەیاساى هەموارى یاسای پاسپۆرتى پەسند کرد، کە لەلایەن لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانەوە پێشکێشکرابوو.
 
سەگڤان سندى، ئەندامى لیژنەکە بە رووداوى گوت: "پێشتر ئەو پۆستانە دیاری نەکرابوون، کە پاسپۆرتى دیپلۆماسى وەردەگرن و تانەکان لە دژى رێکارەکانى پێدانى ئەو پاسپۆرتە و ئەندامانى خێزانەکانیانە".
 
بەشێکى دیکەى سکاڵاکەى وەزارەتى ناوخۆ لە دژى بەدەرکردنى پاسپۆرتى دیپلۆماسییە لەو رێنماییانەى پێشتر دەرکراون بۆ پێدانى پاسپۆرت بە هەموو جۆرەکانییەوە. 
 
سەگڤان سندى رایگەیاند: "پێشتر ئەو ئەندامانەى خێزانى بەرپرسان پاسپۆرتى دیپلۆماسییان پێدەدردا، کە تەمەنیان لە نێوان یەک بۆ 18 ساڵان بووە، بەڵام بەگوێرەى هەموارى یاساکە ئەو منداڵانەش دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵانە و هێشتا هاوسەرگیرییان نەکردووە، ئەوەش یەکێکى دیکەیە لە تێبینییەکانى حکومەت لەسەر هەموارەکە."
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى 24ـی حوزەیرانى 2025ـی دیاری کردووە بۆ یەکەم دانیشتنى دادگە لە بارەى سکاڵاکەى وەزارەتى ناوخۆ، هەمان رۆژ دووەم دانیشتنى دادگەکەیە لەبارەى سکاڵایەکى هاوشێوە لە دژى پێشنیازەیاساکە، کە لەلایەن وەزیرى دەرەوە پێشکێش کراوە، بە پاساوی ئەوەی هەموارەکە لە دژى مادەکانى 58، 67 و 80ـی دەستوورە و داوایکردووە وەکو داڕشتەى پێشووى لێ بکرێتەوە.
 
لەسەر بنەماى ئەو سکاڵایەى وەزیرى دەرەوە، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیارێکى فەرمانسالاریى دەرکرد بۆ راگرتنى کارکردن بەو هەموارە تاوەکو سکاڵاکە یەکلادەبێتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە