رووداو دیجیتاڵ
بانکی رافیدەین دەستپێکردنی پێدانی دۆلاری بە نرخی فەرمی بە حاجییان راگەیاند، کە بۆ هەر هاووڵاتییەک 2000 دۆلار بە 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک دەبێت.
بانکی رافیدەین رۆژی هەینی رایگەیاند: "ئەم هەنگاوە وەک ئاسانکارییەکە بۆ حاجییانی عێراق، بۆ ئەوەی بە ئاسانی دەستیان بە دراوی بیانی بگات پێش گەشتەکەیان".
بانکی رافیدەین داوا لە سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە بۆ حەج دەچنە سعودیە، سەردانی لقەکانی بانکەکە بکەن و بەڵگەنامە فەرمییەکان لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی دۆلار.
بانکەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "پڕۆسەی پێدانی دۆلار بەپێی میکانیزمی رێکخراو بەڕێوەدەچێت، به ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و ئاسوودەیی حاجییان."
رۆژی 7ـی ئەم مانگەش بانکی رەشید پڕۆسەی پێدانی دۆلاری بە حاجییان دەستپێکرد.
بانکی ناوەندیی عێراق پێدانی 2000 دۆلاری بە نرخی فەرمی بە حاجییەکان راگەیاندووە.
ئەو بڕیارە بە گوێرەى نووسراوێکە کە بانکى ناوەندیى عێراق 30ى نیسانى 2025 ئاڕاستەى بانکەکانى رەشید، رافیدەین و تى بی ئاى كرد.
بە گوێرەى نووسراوەکە، ئەو بڕیارە سەرجەم ئەو کەسانە دەگرێتەوە لە رێگەى وشکانى و ئاسمانییەوە گەشت دەکەن و لە 4ى ئایارى 2025ـەوە لە رێگەى بانکە مۆڵەتپێدراوەکانەوە دەست بە وەرگرتنى داواکارییەکان دەکرێ.
ئەم ساڵ نزیکەى 34 هەزار کەس لە پارێزگاکانى عێراق حەج دەکەن و لە هەرێمى کوردستانیش پێنج هەزار و 120 کەس دەچنە حەج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ