دوو پەرلەمانتار: کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق دوادەکەوێت

09-06-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوو پەرلەمانتارى عێراق رایانگەیاند، کۆبوونەوەى پەرلەمان لەبارەى دەنگدان لەسەر مادەکانى پڕۆژەیاساى بودجە دوادەکەوێت، کە بڕیار بوو نیوەڕۆى ئەمڕۆ بکرێت.
 
رۆژی 9ى حوزەیرانى 2023، شوان محەممەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداو رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت کۆبوونەوەى پەرلەمان دوابکەوێت کە تایبەتە بە دەنگدان لەسەر مادەکانى پڕۆژە یاساى بودجەى گشتى. گوتیشى: "دواخستنەکە بەهۆى ئامادەنەبوونى پەرلەمانتارانەوەیە".
 
پەیامنێری رووداو لە باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کاژێر 14:00 زەنگی چوونەژوورەوە لێدراوە، بەڵام رێژەی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان تەواو نەبووە و دەنگۆیەک هەیە کە دانیشتنەکە بۆ کاژێر 18:00 دوابخرێت و هیچ گەرەنتییەک نییە. 
 
بڕیاربوو کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق کاژێر 13:00ی ئەمڕۆ هەینى بکرێت بۆ دەستپێکردنەوەى دەنگدان لەسەر مادەکانى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراق.
 
خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "کۆبوونەوەى پەرلەمان دوا دەکەوێت بەهۆى بوونى ناکۆکی لەسەر هەندێک لە بڕگەکانى. لەسەر ئەو ناکۆکیانە دانوستاندن لەنێوان فراکسیۆنەکاندا دەبێت."
 
شەوی رابردوو 9ى حوزەیران پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر شەش مادەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى دا و مادەیەکى لابرد و مادەیەکى بەجێهێشت بۆ لیژنەى دارایی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە