رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 هۆشداری دەدات لەو پەیجانەى بانگەشەى ئەوە دەکەن کە گوایە مامەڵەى قەرەبووکردنەوەى ئاوارەکان دەکرێ و دەڵێت: "بەهۆى پەسندنەکردنى خشتەى بودجەى ئەم ساڵەوە پارە بۆ قەرەبوو تەرخان نەکراوە".
دووشەممە 9ى حوزەیرانى 2025، کاکەڕەش سدیق، ئەندامى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 بە رووداوى گوت: "هەندێک پەیج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەى ئەوە دەکەن کە گوایە مامەڵەى قەرەبووى ئاوارەکان دەکەن بە 100 هەزار دینار. ئەو قسەیە هیچ بنەمایەکى نییە و ئەگەر قەرەبووکردنەوەیەک هەبێت، لەلایەن لیژنەکەمانەوە رادەگەیێندرێ و ناوى سوودمەندان بڵاودەکرێتەوە".
بەگوێرەى مادەى 140، هەر ئاوارەیەک 10 ملیۆن دینار و عەرەبى هاوردە 20 ملیۆن دینار قەرەبوو وەردەگرن.
کاکەڕەش سدیق رایگەیاند: "ئەم ساڵ پارەى قەرەبووى ئاوارە و عەرەبە هاوردەکانى مادەى 140 خەرج نەکراوە، بەهۆى ئەوەى خشتەى بودجەى 2025 پەسند نەکراوە".
لە ساڵى 2023 لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 کارا کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ