رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆمارى عێراق رایگەیاند: "عێراق رووبەڕووی ئاڵنگارییەکى گەورەی کەمبوونەوەی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات بووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی زیادبوونی کۆچى نێوخۆیی و دەرەکی".
لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق دەڵێت، "عێراق رووبەڕووی ئاڵنگارییەکى گەورەی کەمبوونەوەی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی چەندین کاریگەرییەوە، لەوانە گۆڕانی کەشوهەوا و نەبوونی سیاسەتێکی یاسایی و کارگێڕیی یەکگرتوو بۆ رووبارە سنووربڕەکان و کەمبوونەوەی داهاتە ئاوییەکانیان لە وڵاتانی سەرچاوەوە".
سەرۆککۆمارى عێراق رایگەیاند، ئەو دۆخە بووەتە هۆی زیادبوونی کۆچى نێوخۆیی و دەرەکی و کەمبوونەوەی بەشداریی بەرهەمی کشتوکاڵی لە کۆی بەرهەمی نێوخۆیی.
ئەو قسانەی لەتیف رەشید لە گوتەیەکدا بوو کە ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـى حوزەیران لە سێیەمین کۆنفرانسى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ زەریاکان پێشکشى کرد کە لە شارى نیسى وڵاتى فەرەنسا بەڕێوەدەچێت.
سەرۆککۆمار گوتى: "لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە خێراکانی کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی ئاستی پیسبوونی دەریاکان و لەدەستدانی سیستمی ئیکۆلۆژی، رووبەڕووی ئاستەنگی وا دەبینەوە لە زیادبووندان و پێویستیان بە رێکاری یەکلاییکەرەوە و پاڵپشتیی راستەقینەی جیهانییە کە پشت بە زانست و دابینکردنی دارایی ببەستێت بۆ پاراستنی زەریاکان و سەرچاوە ئاوییەکانمان".
لەتیف رەشید رایگەیاند، سەرچاوە ئاوییەکان و لەنێویاندا زەریاکان، لە یەک کاتدا پرسێکی مرۆیی و ئەمنی و گەشەپێدانن، کە بۆ ساڵانێکی زۆر لە دەرەوەی چەتری پاراستنی یاسایی بوون.
ئەو کۆنفرانسە تاوەکو 12ـى حوزەیران بەردەوام دەبێت، چەند پرسێک تاوتوێ دەکرێت کە تایبەتن بە پاڵپشتى بووژاندنەوەى ئابوورى و زانسى دەریاوانى و پاراستى زەریاکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ