رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ، سێ خوشک لە قەزایەکی پارێزگای مەیسان خنکان. بەگوتەی تەندروستیی پارێزگاکە، لەکاتی مەلە لە رووباردا خنکاون.
رووداوەکە لە نزیک پردی سەید زەکی لە قەزای کەحلا لە پارێزگای مەیسان لە باشووری رۆژهەڵاتی عێراق روویداوە.
محەممەد کنیانی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی تەندروستیی پارێزگای میسان، ئەمڕۆ دووشەممە 9ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمانە ماڵیان لە نزیک رووباری دیجلەیە، لەکاتی مەلەکردن خنکاون. منداڵەکان خوشکن و تەمەنیان 7 و 12 و 14 ساڵانە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی تەندروستیی پارێزگای مەیسان گوتی، تەرمەکان لە رووبارەکە دەرهێنراون و گەیێندراونەتە دادپزیشکی.
قەزای کەحلا لە دوو ناحیە پێکدێت، ناوەندی قەزاکە 20 کیلۆمەتر لە شاری عەمارەی ناوەندی پارێزگای مەیسانەوە دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ