187 هەزار کەس داوایانکردووە ببنە کارمەندی سەر سندووقی دەنگدان

09-06-2025
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای هەفتەیەک لە کاراکردنی لینکی خۆتۆمارکردن بۆ بوون بە کارمەندی سندووقەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، زیاتر لە 187 هەزار کەس فۆڕمیان پێشکێشی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان کردووە، لەسەر ئاستى عێراق پارێزگای بەسرە و لەسەر ئاستی هەرێمى کوردستان، زۆرترین کەس لە پارێزگاى سلێمانى داواکارییان پێشکێش کردووە.
 
بە گوێرەى ئامارێک کە لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، لە رۆژی سێی حوزەیرانەوە تاوەکو ئەمڕۆ، لە عێراق و هەرێمى کوردستان 187 هەزار و 861 کەس داواکارییان پێشکێش بە کۆمیسیۆن کردووە، بۆ وەرگرتنیان وەک کارمەندى سەر سندووقى دەنگدان.
 
لەو ژمارەیەی داواکارییان پێشکێش کردووە، 141 هەزار و 914یان لە رەگەزی نێر و 45 هەزار و 947یشیان لە رەگەزی مێینەن.
 
114 هەزار و 724 کەسیان فەرمانبەری حکومی و 73 هەزار و 137یشیان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێویستمان بە نزیکەی 250 هەزار کارمەند دەبێت. بەشێوەیەکى گشتى بۆ هەر ناوەندێک پێویستمان بە چوار کارمەند و بۆ هەر وێستگەیەک بە پێنج کارمەندى سەر سندووقى دەنگدانە".
 
بە گوتەی جومانە غەلای، "قسەیان لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە کە نووسراوی سوپاسگوزاری بۆ سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە ئامادە بکرێت کە دەبنە کارمەند لە رۆژانی دەنگداندا، بەڵام هێشتا بڕی مووچەکەیان دیاری نەکراوە."
 
11ـی تشرینى دووەمى 2025، هەڵبژاردنى خولى نوێى پەرلەمانی عێراق دەکرێت؛ دوو رۆژ پێش ئەوە دەنگدانى تایبەت بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە