رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 6600 زیندانی بە یاسای لێبووردنی گشتی ئازاد کراون و تەنیا مانگی رابردوو زیاتر لە 1800یان بەو یاسایە ئازاد کراون.
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی تەممووزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو رۆژی 7ی ئەم مانگە، 6637 زیندانی بە یاسای لێبووردنی گشتی ئازاد کراون."
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، مانگی رابردوو 2195 زیندانی ئازاد کراون، تێیدا 375یان بە ئازادکردنی مەرجدار، یان بڕیاری تەمیزی، یاخود بەهۆی تەواوبوونی ماوەی سزاکەیان ئازاد کراون، لە کاتێکدا 1819یان بە یاسای لێبووردنی گشتی ئازاد کراون.
لە مانگی رابردوودا، 140 نێوجەوان ئازاد کراون، 68یان راگیرابوون و 33یان ماوەی سزاکەیان تەواو کرد، 16ی دیکەش بە ئازادکردنی مەرجدار بووە. هەروەها 21 نێوجەوانی دیکە بە لێبووردن و 2ی دیکەش بە بڕیاری تەمیزی ئازاد کراون.
30 بەندیخانە لە عێراقدا هەن کە زیاتر لە 60 هەزار بەندکراویان تێدایە.
یاسای لێبووردنی گشتی لەگەڵ هەموارکردنی یاسای باری کەسی و یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان، بە یەک پاکێج لە رۆژی 21-011-2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسند کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ