موقتەدا سەدر: بەشداریکردنم لە سیاسەت ژەهرخواردنەوە بوو

09-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

موقتەدا سەدر کارکردنی پێشووی لە بواری سیاسییدا بە "خواردنەوەی ژەهر" ناو دەبات و دەڵێت، ئەوانەی گوێیان بە بڕیار و راسپاردەی مەرجەعییەت نەداوە، ناتوانن پەردە لەسەر گەندەڵی لابدەن و "میلیشیاکان تەمبێ بکەن".
 
رۆژی چوارشەممە، 9ـی تەممووز، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، نووسینێکی لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردەوە.
 
موقتەدا سەدر نووسیویەتی، "لە ساڵانی رابردوودا ژەهرم خواردەوە و بەرگەی برینەکانم گرت کە لەسەر داوای سەرکردەکانی ئەو کاتە بڕیارمدا بێمەوە نێو کایەی سیاسی و هەڵبژاردن، بەو ئومێدەی بوونمان ببێتە پاڵنەرێک بۆ چاکسازی، بەڵام بەپێچەوانەوە، رەوتى گەندەڵی راماڵەر بووە و دەستگرتن بە پارووە چەورەکەوە هەبووە، مانەوەم لەگەڵ ئەو دۆخەدا وەک ئەوە بوو پشکۆیەکی ئاگرم لەدەستدا بێت".
 
سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە دەڵێت: "ئەوەی گرنگی بە شەریعەت و عەقیدە و رێچکەی پێغەمبەر نادات و لەگەڵ بڕیارەکانی مەرجەعیەت و راسپاردەکانیدا یەکناگرێتەوە و گوێ بە داواکاریی گەل نادات، ناتوانێت پەردە لەسەر گەندەڵی لابدات، ئازاری گەل کەم ناکاتەوە، پاشکۆیەتی ناسڕێتەوە، ناشرینیی میلیشیاکان دانامرکێنێتەوە و شکۆ بۆ هێزە ئەمنییەکان و چەکەکەیان ناگێڕێتەوە".
 
ئەو هەڵوێستەی موقتەدا سەدر، ئاماژەیەک بوو بۆ پرسی بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان کە بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەم بکرێت، هەروەها هەڵوێستی ئەو سەرکردە شیعەیە بوو لە بارەی سنووردارکردنی چەک تەنیا بە دەستی دەوڵەتەوە.
 
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021، بە بەدەستهێنانی 73 کورسی پەرلەمانی عێراق بووە هێزی یەکەم، لە رۆژی 15ـی حوزەیرانی 2022، کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسیی راگەیاند و لەو کاتەوە جار جار داوای خۆپێشاندان و نوێژی یەکگرتوویی دەکات.
 
رۆژی 14ى نیسانى 2023 موقتەدا سەدر هەژمارى تایبەتى خۆى لە تویتەر داخست و رایگەیاند، بۆ ماوەى ساڵێک رەوتەکەى سڕ دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا قسە بۆ رووداو دەکات

تۆم باراک بۆ رووداو: فیدرالی و ناناوەندیبوون وەهمن؛ سەرسامین بە پرۆسەی سیاسیی عێراق

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستەواژەکانی وەک "ناوەندیبوون، ناناوەندیبوون و فیدرالی" تەنیا "وەهمی حکومەتەکانن" و جەختی کردەوە کە واشنتن بڕیاردان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن بۆ خەڵکی ناوچەکە جێدەهێڵێ؛ هاوکات "سەرسامی"ی خۆی بە پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەربڕی