رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزەی سووریا دەڵێ، بەم نزیکانە سەردانی عێراق دەکات بە مەبەستی تاوتوێکردنی نۆژەنکردنەوە و بەگەڕخستنەوەی بۆڕیی نەوتی کەرکووک- بانیاس.
محەممەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا بە میدیای سووریای راگەیاند، پلانی هەیە لە "داهاتوویەکی نزیکدا" سەردانی عێراق بکات بۆ تاوتوێکردنی نۆژەنکردنەوە و بەگەڕخستنەوەی بۆریی نەوتی نێوان کەرکووک و بەندەری بانیاس، ئەوەش بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی پاڵاوگەکانی حمس و بانیاس یان بۆ هەناردەکردنی راستەوخۆ.
بۆری نەوتی کەرکووک - بانیاس لە ساڵی 1952 دروستکرا و درێژییەکەی 800 کیلۆمەترە. بۆرییەکە لە دوای ساڵی 2003ـەوە لەکارکەوتووە و ئەگەر چاک بکرێتەوە لە توانایدا هەیە رۆژانە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات.
لە نیسانی ئەم ساڵ دا، حکومەتی عێراق دانوستاندنی لەگەڵ سووریا دەستپێکرد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەرەکەوە بۆ گەیاندنی نەوتەکە بە دەریای نێوەڕاست و شاندێکی باڵای عێراق سەردانی دیمەشقی کرد بۆ گفتوگۆ لەسەر پلانەکانی نۆژەنکردنەوەی ئەو هێڵە.
6ی ئابی 2025 حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق سەردانی کەرکووکی کرد و هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو پرسیاری لەبارەی بەرهەمی ئێستای نەوتی کەرکووکی لێکرد و ئەویش لە وەڵامدا گوتی: "گرێبەستێکمان لەگەڵ کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگە نەوتییەکەی کەرکووک واژۆ کردووە. ئێستا بەرهەمی رۆژانە زیاتر لە 350 هەزار بەرمیلە و هەوڵ هەیە بیگەیێنینە 600 هەزار بەرمیل، ئەوەش لە رێگەی ئەو گرێبەستەوەیە کە لەگەڵ کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم کراوە".
ئێستا زۆربەی بەرهەمی کەرکووک بۆ بەکاربردنی نێوخۆ لە عێراق بەکاردێ و بەشێکی دیکەشی رەوانەی ئوردن دەکرێ کە مانگی رابردوو نزیکەی 200هەزار بەرمیل نەوت بوو.
لە 25ـى ئاداری 2023ەوە هەناردەى نەوتى هەرێمی کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە کە رۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت بوو، ئەوە جگە لە راگرتنى هەناردەى رۆژانەى 75 بۆ 85 هەزار بەرمیل نەوتى کەرکووک کە بە هەمان رێگە هەناردە دەکرا. ئەو راگرتنە بە کاریگەریى بڕیارى دادگەی نێوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ