عێراق
کارمەندێک لە بنکەیەکی دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2021. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق تیروپشک بۆ وەرگرتنى 250 هەزار کارمەندى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق دەکات.
بڕیارە رۆژی 10ى تشرینى یەکەم پڕکردنەوەى فۆڕم رابگیرێت و 11 رۆژ دواتر تیروپشکەکە بکرێت. گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "لە چەند رۆژى داهاتوودا بڕیار لەسەر هەنگاوێکى هاوشێوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەدرێت."
جومانە غەلاى، گوتەبێژی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رۆژی دووشەممە 09-10-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "رۆژی سێشەممە 10ى تشرینى یەکەم، دەرگەى پڕکردنەوەى فۆڕمى فەرمانبەرانى دەنگدان رادەگیرێت و 21ى تشرینى یەکەم بە تیروپشک فەرمانبەرەکان دیاری دەکرێن کە 250 هەزار کارمەند دەبن."
جومانە غەلاى گوتیشى، "رەزامەندیى ئەنجوومەنى وەزیران وەرگیراوە بۆئەوەى هەر کارمەندێکى دەنگدان لە بەرامبەر سەرپەرشتیکردنى سندووقەکانى دەنگداندا لە رۆژی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکاندا 250 هەزار دینارى پێ بدرێت؛ ئەگەر فەرمانبەرى حکومەت بێت، سوپاس و پێزانینیشی بۆی دەبێت."
بڕیارە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 بکرێت، کە یەکەمجارە لەدواى 10 ساڵ لە عێراق بکرێت.
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق گوتیشی، هەمان هەنگاو بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەنرێت، بەڵام دیاریکردنى ژمارەى کارمەندەکان لە دوو رۆژى داهاتوودا لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمسیارانەوە دەبێت.
بڕیارە لە 25ى شوباتى 2024، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت کە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتى دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ