هێمن عەساف و مالیک محەممەد
سەرۆکی فراکسیۆنی تەقەدووم هۆشداری دەدات لە "موزایەدەی هەڵبژاردن و تێکەڵکردنی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ لە پرۆسەی هەڵبژاردن" و دەشڵێت، مایەی قبووڵکردن نییە و بەلارێداچوونێکی مەترسیدارە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی فراکسیۆنی تەقەدووم کە گەورەترین لایەنی سوننەکانی عێراقە بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە.
هەیبەت حەلبووسی، وەزیری پەروەردەی حکومەتی فیدراڵ بەوە تۆمەتبار دەکات، وەزارەتەکەی بۆ بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی و بۆ موزایەدەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنێت.
حەلبووسی لە پەیامەکەی تۆڕی ئێکس نوسیوویەتی: "کاتێک وەزارەتی پەروەردە تێکەڵکێشی موزایەدەی هەڵبژاردن و بەرژەوەندییە حیزبییەکان دەکرێت، ئەوسا یەکێک لە کۆڵەگە بەهێزەکانی دەوڵەت زیانی پێدەگات."
سەرۆکی فراکسیۆنی تەقەدووم ئەوەشی نوسیووە: "ئەم دامەزراوە نیشتمانییە نە بەرگەی ئەم دەستوەردانە نامۆیە خراپەکارییە و نە بە هزری خۆنمایشکردن بەڕێوەناچێت، بەپێچەوانەوە بە ژیری و هۆشمەندی پاراستنی پیرۆزییەکەی و دوورخستنەوەی لە بە سیاسیکردنییەوە دەپارێزرێت."
هەیبەت حەلبووسی راستەوخۆ وەزیری پەروەردەی حکومەتی فیدراڵ تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "کاتێک کاروباری ئەم وەزارەتە رادەستی کەسێک دەکرێت کە هیچ پەیوەندی بە کەرتی پەروەردەوە نییە، ئەوسا چارەنووسی وەزارەتەکە داڕمان و رووخان دەبێت بەهۆی بەحیزبی کردن و نەمانی دیدگەی نیشتمانی."
حەلبووسی، هۆشداری تووند بە وەزیری پەروەردەی فیدراڵ دەدات و دەشڵێت: "لە ئەگەری بەردەوامبوون بەم رەوتە، هەڵوێستی توندمان دەبێت دەرهەق بەم بەلارێداچوونە مەترسیدارە. هەڵوێستەکەمان لە سۆنگەی خەمخۆریمان دەبێت بۆ بەرگریکردنمان لە داهاتووی رۆڵەکانمان و شکۆی دامەزراوەکانی دەوڵەت."
هاوکات، محەممەد حەموود، ئەندامی هاوپەیمانیی تەفەوق بە رووداوی راگەیاند، "ئەو دەنگۆیانەی لەسەر سەرۆکی هاوپەیمانییەکەمان بڵاودەکرێتەوە ناڕاستن و مەرامی سیاسییان لە پشتەوەیە."
محەممەد حەموود گوتی، "ئەو دەنگۆیانە لەلایەن ئەندامانی تەقەدوومەوە بڵاودەکرێنەوە و ئامانج لێیان لەکەدارکردنی هاوپەیمانییەکەمانە لە بازنەی ئەنبار بەتایبەتی."
پێشتر، حیزبی تەقەدوم سکاڵایەکی پێشکێشی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کردبوو لە دژی وەزیری پەروەردەی حکومەتی فیدراڵ بەهۆی ئەوەی وەزارەتەکەی بۆ پرسی هەڵبژاردن بەکاردەهێنێت لەپێناو بەرژەوەندیی چەند بەربژێرێکی دیاریکراو.
بەگوێرەی ئامارێک کە تۆڕی میدیایی رووداو لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە دەستی کەوتووە، کۆی ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی کە کارتی بایۆمەترییان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 دەنگدەرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ