رووداو دیجیتاڵ
پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان داوا دەکات بۆ بەربژێرانی کریستیانەکان بۆ پەرلەمانى عێراق، دەنگ بەو کەسانە بدرێت کە بڕوایان بە فرەیی و هەمەڕەنگى ئایینى و نەتەوەیی هەیە و دەڵێت "کەنیسە رەتیدەکاتەوە کەسانێک نوێنەرایەتیى کریستیانەکان بکەن کە گەندەڵییان دەرکەوتووە."
پێنجشەممە، 9ى تشرینى یەکەمى 2025، کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان راگەیێنراوێکى لەبارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بڵاوکردەوە.
کاردیناڵ لویس ساکۆ داواى لە کریستیانەکان کرد کە بە چڕى بەشدارى لە هەڵبژاردنەکە بکەن و "دەنگ بدەن بەو کەسانەى کە شیاوترینن بۆ خزمەتکردنى عێراقییەکان بەبێ جیاوازى، رێز لە فرەیی و هەمەڕەنگى ئایینى و نەتەوەیی دەگرن."
بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کریستیانەکان پێنج کورسیى کۆتایان لە هەولێر، دهۆک، نەینەوا، کەرکووک، بەغدا هەیە کە بەربژێرەکانیان رکابەرى لەسەر دەکەن.
لویس ساکۆ گوتى: "کەنیسە رەتیدەکاتەوە کە کەسانێک نوێنەرایەتیى کریستیانەکان بکەن کە گەندەڵییان کردووە، یان گرووپگەلێکى چەکدار کە مامەڵە بە چارەنووسیانەوە بکەن و دەستیان بەسەر ناوچەکانیان لە نەینەوا گرتبێت."
10 بەربژێرى کریستیانەکان رکابەرى لەسەر بەدەستهێنانى کورسییەکانیان دەکەن لەو پارێزگایانەى کە کۆتایان تێیدا هەیە. زۆرترین بەربژێر لە کەرکووکە کە 7 بەربژێرن. دەنگدەرانى کریستیان لە هەر پارێزگایەک بن دەتوانن دەنگ بۆ یەکێک لە بەربژێرەکانیان بدەن لە پارێزگایەکى دیکە.
پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان دەڵێت: "پێشتر بەفەرمى داوام لە لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەت و کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان کرد دەنگدان بۆ کۆتاى کریستیانەکان تەنها بۆ ئەو پێکهاتەیە بێت، بەڵام کەس گوێى لێنەگرتن."
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 11ى تشرینى دووەم دەکرێت. سەرکەوتنى بەربژێرى کۆتاى کریستیان لەسەر بنەماى ئەوەیە کە زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ