رووداو دیجیتاڵ
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق چوار وێستگەی دەنگدانی VIP دەکرێنەوە و یەکێکیان لە هەولێر دەبێ، هەموو بنکەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە زیاتر لە 100 هەزار کامێرای چاودێری کۆنترۆڵ دەکرێن.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بنکە و وێستگەکانی دەنگدان بە 111 هەزار و 382 کامێرای چاودێری کۆنترۆڵ دەکرێن، لە هەموو بنکەکاندا کامێرا دادەنرێن بۆ تۆمارکردنی هەر رووداو یان پێشێلکارییەکی رۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتی.''
عیماد جەمیل باسی وێستگەکانی دەنگدانی VIP دەکات لە رۆژی دەنگداندا و دەڵێ: "چوار وێستگەی VIP دەکرێنەوە، یەکێکیان لە هەولێر دەبێ، لە بەغدا لە هۆتێل رەشید، قوتابخانەی ئەلوەتەن لە ناوچەی سەوزی بەغدا، وێستگەیەکیش لە نووسینگەی سەرەکیی کۆمیسیۆن دەبێت. لە هەرێمی کوردستانیش وێستگەیەکی دەنگدانی VIP لە هۆتێل رۆتانای هەولێر دادەنرێت.''
''چەک قەدەخەیە''
بڕیارە 9ـی 11ـی 2025 دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بکرێت، لەو دەنگدانەدا؛ ئاوارەکان، بەشێکی زیندانیان، هێزە ئەمنییەکان و نەخۆشان دەنگ دەدەن، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەوبارەوە دەڵێ: "کارمەندان و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتەکانی ناوخۆی عێراق و کوردستان، وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە، دژە تیرۆر، دەستەی حەشدی شەعبی لەو دەنگدانەدا بەشداری دەکەن.''
بەپێی ئاماری کۆمیسیۆن بۆ دەنگدانی تایبەت 4 هەزار و 501 وێستگە دانراون، 1170 وێستگە لە هەولێر، 951 وێستگەش لە هەرێمی کوردستانن، بنکەکانی دیکەش لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق دادەنرێن.''
عیماد جەمیل چۆنیەتی دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان روون دەکاتەوە و دەڵێ: "دەتوانن بە جلی سەربازی یان مەدەنی دەنگبدەن، بەڵام نابێ چەک ببەنە نێو بنکەی دەنگدان، بردنی مۆبایلیش بۆ نێو بنکەکان قەدەخەیە.''
بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن باسی بەربژێرانی دوورخراوە دەکات و دەڵێ: "837 بەربژێر دوورخراونەتەوە، 5 بەربژێر لەوانە کۆچی دواییان کردووە، دوورخستنەوەی بەربژێران لە هەموو بازنەکانی هەڵبژاردن تۆمارکراوە.''
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، نزیکەی 8 هەزار بەربژێر لە 18 بازنەی جیاوازدا رکابەری لەسەر 329 کورسیی پەرلەمان دەکەن، لەو ژمارەیە 5520 بەربژێر پیاو و 2248 بەربژێری ژن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ