دیسکى هەڵبژاردن
شارەوانیى پارێزگاى بابل هەڵمەتێک بۆ لابردنى وێنە و پۆستەرى ئەو بەربژێر و لیستانە دەستپێدەکات کە لە شوێنی رێپێنەدراو دانراون.
پێنجشەممە، 9ى تشرینى یەکەمى 2025، بەڕێوەبەرایەتیى شارەوانیى پارێزگاى بابل وێنە و ڤیدیۆى لابردنى ئەو وێنە و پۆستەرانەى بڵاوکردەوە.
بەگوێرەى بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەو وێنە و پۆستەرانەى لادراون کە لە شۆستەى نێوەڕاست، دەروازەى باکوورى شارەکە و ستوونى کارەبا هەڵواسراون.
شارەوانیى بابل دەڵێت، ئەو هەنگاوە بەهۆى ئەوە بووە کە وێنە و پۆستەرەکانیان لەو شوێنانە هەڵواسیوە کە رێگەپێدراو نین و پێچەوانەى رێکارەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانن، ئەو هەڵمەتەیان بەردەوام دەبێت و سەرجەم شەقامە سەرەکییەکانى پارێزگاکە و دەروازەکانى دەگرێتەوە.
بەگوێرەى رێکارەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن کە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان کارى پێدەکات، بە هاوئاهەنگى لەگەڵ شارەوانییەکانى پارێزگاکان ئەو شوێنانە دیاریدەکرێت کە رێگەپێدراون بۆ ئەوەى وێنە و پۆستەرى بانگەشەى هەڵبژاردنیان تێدا دابنرێت یان هەڵبواسرێت.
477 بەربژێر لە بابل رکابەرى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى 17 کورسى پشکى پارێزگاکە ، هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 11 تشرینى دووەم ئەنجام دەدرێت.
بانگەشەى هەڵبژاردن لە 3ى تشرینى یەکەمى 2025 دەستى پێکرد و تاوەکو 8ى تشرینى دووەم بەدەوام دەبێت .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ