فەرماندەی پاسەوانی پەرلەمانی عێراق: 100٪ـی پێشمەرگەکان دەنگیان دا

10-11-2025
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
پێشمەرگەکانی پاسەوانی پەرلەمانی عێراق
پێشمەرگەکانی پاسەوانی پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێشمەرگەکانی پاسەوانی پەرلەمانی عێراق، کە بە "بێرییە سوورەکان" ناسراون، بەشدارییەکی کارایان لە دەنگدانی تایبەت کرد. سەرەڕای هەندێک لەمپەر بۆ بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان، فەرماندەی پاسەوانی پەرلەمان گوتی، 100%ـی پێشمەرگەکان دەنگیان دا. کۆمیسیۆنیش دڵنیایی دایە ئەوانەی ناویان لە لیستی تایبەتدا نەبوو، دەتوانن لە دەنگدانی گشتیدا دەنگ بدەن.


پێشمەرگەکان، کە زۆربەیان کوردن و ساڵانێکی زۆرە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە پاسەوانی باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق دەکەن، بە نۆرەی درێژەوە بەرەو سندووقەکانی دەنگدان چوون. سەگڤان موشیر، فەرماندەی پاسەوانی پەرلەمان بە رووداوی گوت، "سوپاس بۆ خودا، وەک دەبینن ئەمڕۆ لە کەشوهەوایەکی ئارامدا بەشداریی دەنگدان دەکەین. تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەکمان نەبووە. هەمووان هاتوون و یەک کەسیشم نەهێشتووە کە نەیەت و دەنگ نەدات. بەشداریمان سەد لە سەدە."

عەمید عەلا عیدانی، ئەو ئەفسەرەی لە شەڕی داعش چاوەکانی لەدەستداوە و لە عێراق بە "هێمای قوربانیدان" ناوی دەرکردووە، بە پەرۆشەوە لە یەکێک لە ناوەندەکانی دەنگدان ئامادە بوو. هەر کە زانی تیمی رووداو ئامادەیە، دەستبەجێ بە کوردی دەستی بە قسەکردن کرد، پاشان بە زمانی عەرەبی گرنگیی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی خستەڕوو. 

عەمید عەلا گوتی: "داوا لە هەموو برایانم لە ئەفسەر و سەرباز و هاووڵاتییانی عێراق دەکەم بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. لە پێناو گۆڕانکاری، ئەوەی دەیەوێت گۆڕانکاری رووبدات و چاکسازی بێتە ئاراوە، با بچێت بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان."

کێشەی نەگەڕانەوەی ناوی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان، لەمپەرێکی بچووکی دروستکرد. تەنیا لە قوتابخانەی سیادە، 83 کەس پێیان گوترا ناویان نییە و بگەڕێنەوە شارەکانی خۆیان دەنگ بدەن، لە کاتێکدا ئەرکی سەربازییان لە بەغدایە. 

نبراس ئەبو سوودە، لە تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆن، دڵنیایی دایە هاوڵاتییان: "هەر دەنگدەرێک ناوی لە دەنگدانی تایبەتدا نەبێت، ئەوا بێگومان ناوی لەگەڵ دەنگدانی گشتیدا هەیە و دەتوانێت لەو رۆژەدا بەشداری پرۆسەکە بکات."

 

لە هەردوو بەشی رەسافە و کەرخ لە بەغدا، زیاتر لە 300 هەزار دەنگدەر هەبوون، کە بە گوتەی کۆمیسیۆن، رێژەی بەشداریکردنیان زیاتر لە 90% بووە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە