هیشام روکابی بۆ رووداو: ئەو هێرشانەی دەکرێن، کاردانەوەی ئەوەن کە لە غەززە روودەدات

09-12-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
هیشام روکابی باسی لەوە کرد "رێکاری پێویست بۆ رێگەگرتن لەو هێرشانە گیراونەتەبەر."
هیشام روکابی باسی لەوە کرد "رێکاری پێویست بۆ رێگەگرتن لەو هێرشانە گیراونەتەبەر."
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت "عێراق پابەندە بە پاراستنی نێردە دیپلۆماتەکان'' جەختیشی کردەوە لەوەی "ئەو هێرشانەی دەکرێن، کاردانەوەی ئەوەن کە لە غەززە روودەدات."
 
هیشام روکابی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بووڵتەنی کۆڕۆژی ئەمڕۆ (شەممە، 9-12-2023)ـی رووداو کە دڵدار هەرکی و رێبوار عەلی پێشکێشیان کرد، رایگەیاند "لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکان پێکهێنراوە و بەرپرسانی پاراستنی ئەو ناوچەیەی هێرشی کراوەتەسەر، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.''
 
رۆژی هەینی، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، کاژێر 4:15ـی بەیانیی هەمان رۆژ بە دوو مووشەک هێرش کراوەتە سەر باڵیۆزخانەکە، بێ ئەوەی باسی هیچ زیانێک بکات. 
 
ئێوارەی هەمان رۆژ، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو، زنجیرەیەک هێرش کرانە سەر دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەیی دژی لە نزیکی جێگیرکراون. ئەو هێرشانەش جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانیان نەبوو. 
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئەو راوێژکارە نەیشاردەوە "هۆکاری ئەو هێرشانەی دەکرێن، کاردانەوەی ئەوەیە کە لە غەززە روودەدات."
 
لانیکەم 17 هەزار و 700 کەس کە زۆربەی هەرە زۆریان ژن و منداڵن، بەهۆی بۆردوومان و هێرشی ئیسرائیلەوە لە دوو مانگی رابردوودا لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 48 هەزار و 780 کەسی دیکە برینداربوون، ئەمە بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی غەززە. 
 
رۆژی هەینی، پێنتاگۆن رایگەیاند، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سوودانی کردووە و باسیان لە "ئەرکی حکومەتی عێراق" کردووە بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە هەمان رۆژدا داوای لە حکومەتی عێراق کرد لێکۆڵینەوە بکات و ئەنجامدەرانی هێرشەکە بدۆزێتەوە. 
 
بەپێی پێنتاگۆن، لۆید ئۆستن بە سوودانی راگەیاندووە؛ واشنتن کەتائیبی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا کە دوو گرووپی لایەنگری ئێرانن، بە بەرپرس لە زۆربەی هێرشەکانی سەر بەرژەوەندی و سەربازانی ئەمریکا دەزانێت و "ئەمریکا مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بکات" و "بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە، وەڵامی ئەو گرووپانە بداتەوە."
 
هیشام روکابی باسی لەوە کرد "رێکاری پێویست بۆ رێگەگرتن لەو هێرشانە گیراونەتەبەر."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا، هیشام روکابی گوتی، لەسەر بنەمای رێزگرتن و پاراستنی بەرژەوەندیی دوولایەنەیە و "دوودڵ نابین لە سزادانی هەرکەسێک کە دەستی لە تێکدانی سەقامگیریی وڵاتدا هەبێت."
 
ئەمە لەکاتێکدایە گرووپێکی چەکدار کە خۆی وەکو گرووپی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنێت، بەرپرسیاریێتیی خۆی لە زۆربەی ئەو هێرشانە دەربڕیوە، کە کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە