رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، ئەو نوێژە ملیۆنییەی داوای کردبوو لە پارێزگای بابل بکرێت، بەهۆی باران و سەرماوە دواخرا.
سێشەممە 9ی کانوونی دووەمی 2025 موقتەدا سەدر دواخستنی ئەو نوێژەی لە راگەیێندراوێکدا بڵاوکردەوە.
سەدر هۆکاری دواخستنەکەی گەڕاندەوە بۆ ساردیی کەشوهەوا و بارانبارین و دەڵێت، "سەلامەتیی ئێوە لای من گرنگە و نوێژی هەینیی یەکگرتوو بۆ بۆنەیەکی دیکە دوادەخەین."
پێشتر لە 7ی کانوونی یەکەم موقتەدا سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد نوێژی هەینیی یەکگرتوویی یەک ملیۆنیی "تۆقێنەری دووژمنان" لە پارێزگای بابل بکرێت بۆ سەرخستنی مەزهەبەکەیان.
نوێژی هەینیی بەکۆمەڵی سەدرییەکان وەک یادکردنەوەی ئەنجامدانی یەکەم نوێژی هەینی بووە لە مزگەوتی کوفەی نەجەف لەلایەن محەممەد سادق سەدر، باوکی سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعەوە لە ساڵی 1988، ئەوەش لەدوای چەندین ساڵ لە قەدەخەکردنی ئەو نوێژە.
شەپۆلێکى باران بارین لە شەوى یەکشەممە 7ى کانوونى یەکەمەوە عێراق و هەرێمى کوردستانى گرتووەتەوە، بەپێی کەشناسی شەپۆلەکە تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ