راوێژکاری سوودانی: مەترسیی کۆمەڵکوژی لەسەر کوردانی حەلەب هەیە

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی دۆخی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دەکەن؛ هۆشداری دەدات لەوەی رووداوەکان "دەرگا بۆ دووبارەبوونەوەی کارەساتی کۆمەڵکوژی دەکەنەوە." هاوکات سوپای عەرەبیی سووریا کۆنترۆڵکردنی شێخ مەقسوودی راگەیاند، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رەتیدەکاتەوە.
 
خەلەف شنگالی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی، ئەمڕۆ شەممە 10-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەمنی و مرۆیی ناوچەکە دەکەن، بەتایبەتی بۆ پاراستنی ژیانی کوردانی ئێزدی و پێکهاتەی کورد.
 
خەلەف شنگالی گوتی، "ئەم رووداوانە دەرگا لە بەردەم گەڕانەوەی تیرۆر و دووبارەبوونەوەی کارەساتی کۆمەڵکوژی دەکەنەوە. ئێستا کاتی راگرتنی شەڕ و ململانێکانە و پێویستە لەبری ئەوە، هاوئاهەنگی بێتە ئاراوە."
 
دۆخی مرۆیی لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب سەختە. مەناف جافۆ، هاوسەرۆکی ماڵی ئێزدییان لە حەلەب بە رووداوی راگەیاند: "هێرشێکی دڕاندانە بە هەموو چەکێکی قورس دژمان کرا، هەزاران تۆپیان دژ بەکارهێناین. زیاتر لە 300 خانووی ماڵان رووخێندراون و تەرمیان لەژێردایە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی ماڵی ئێزدییان تاوەکو رۆژی پێنجشەممە، 20 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 75 کەسیش بە سەختی بریندارن، بەڵام بەهۆی پچڕانی پەیوەندییەکانەوە ئامارەکان ورد نین.
 
مەناف جافۆ ئاماژەی بە مەترسییەکی گەورە کرد و گوتی، "چەکدارانی سەر بە دیمەشق و موفتییەکانیان دەڵێن وەکو شنگال لەنێویان ببەن، بە فەرمی دەڵێن دەبێ هەموو دانیشتووانی گەڕەکەکان بکوژرێن."
 
لەسەر ئاستی باڵا، عێراق هاتووەتە سەر هێڵ. رۆژی پێنجشەممە 08-01-2026 فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعودیە، نیگەرانیی عێراقی دەربڕی لە "ئاوارەبوونی هەزاران دانیشتووی کورد" و هۆشداریی دا لەوەی دۆخەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر عێراق دەبێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوە، هەردوولا جەختیان لە پێویستیی راگرتنی شەڕ و دانوستاندن لەنێوان "حکومەتی راگوزەری سووریا و هەسەدە" کردەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی گەڕەکی شێخ مەقسوودیان بە تەواوەتی کۆتایی پێهێناوە و داوایان لە خەڵک کردووە لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە، چونکە "ئەندامانی هەسەدە و پەکەکە لەنێو خەڵکی سڤیلدا خۆیان حەشارداوە."
 
لەلایەکی دیکەوە، میدیای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەو بانگەشەیە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "گەڕەکی شێخ مەقسوود کۆنترۆڵ نەکراوە و پێکدادان بەردەوامە." ئاماژە بەوەش دەکەن کە چەکدارەکان نەخۆشخانەی شێخ مەقسوود بە سەختی بۆردوومان دەکەن.
 
سەرچاوەیەک لەنێو نەخۆشخانەی شەهید خالید فەجر لە شێخ مەقسوود بە رووداوی راگەیاند، "سوپای عەرەبیی سووریا گەیشتوونەتە نێو نەخۆشخانەکە و گرتوویانە."
 
هۆزان، رۆژنامەڤان لەنێو شێخ مەقسوود ئامارێکی نوێی دا بە رووداو و گوتی: "50 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 150 بریندار هەن."
 
شەڕەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی "رێککەوتنی تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەناو حکومەت"دا تووشی بنبەست بوون؛ رێککەوتنێک کە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 و دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی سووریا، کاری لەسەر دەکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق

پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و 120 پەرلەمانتار ئامادە نەبوون

پەرلەمانی عێراق سێیەمین دانیشتنی خۆی لە خولی شەشەم کرد و پرسی داهاتە نانەوتییەکانی تاوتوێ کرد، بەڵام لە دانیشتنەکەدا 120 پەرلەمانتار ئامادە نەبوون.