سزاى لەسێدارەدان بۆ چوار خۆپێشاندەرى واست دەرکرا

10-03-2022
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دادگەیەکى پارێزگاى واست سزاى لەسێدارەدانى بۆ چوار خۆپێشاندەرى شارێکی نزیک کوت دەرکرد، ئەوەش بە تاوانی کوشتنى ئەفسەرێکى پۆلیس لەکاتى خۆپێشاندانێکى ئەوشارەدا، یەکێک لە رێکخەرانى خۆپیشاندانەکان دەڵێت: "بڕیارەکە ستەمکارانەیە و داواى هەڵوەشاندنەوەیمان لە سەرۆکوەزیران کردووە".

رۆژی پێنجشەممە 10ـى ئاداری 2022، دادگەی کوت لە پارێزگاى واستى باشوورى عێراق سزاى لەسێدارەدانى بۆ چوار خۆپێشاندەر دەرکرد، ئەوەش بە تاوانی کوشتنى ئەفسەرێکى پۆلیس لەکاتى یەکێک لە خۆپێشاندانەکان کە لە ساڵى 2021 دژى کەمى کارەبا لەو پارێزگایە بەڕێوەچووە.

فیراس جلیباویى، یەکێک لە سەرپەرشتیارانى خۆپێشاندانەکانى واست رۆژی 10-3-2022 بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو سزایە ستەمکارانە بوو، لە دوای کوژرانى ئەو ئەفسەرە ئەو چوار کەسە دەستگیرکران و لەژێر ئەشکەنجەدا گوتەیان لێوەرگیراوە".

لە 29ـى حوزەیرانى ساڵى 2021 بەشێک لە هاووڵاتییانى قەزاى عەزیزییەی نزیک لە شاری کوت لە پارێزگاى واست لە نزیک وێستگەیەکى بەرهەمێھنانى وزەى کارەبا خۆپێشاندانیان کرد، عەلی عەبدولحسێن شلیش، ئەفسەرى پۆلیس لەو یەکەى پاراستنى ئەو وێستگەیە بەهۆى تەقینەوەى بۆمبێکى دەنگییەوە برینداربوو و دواتر گیانى لەدەستدا.

فیراس جلیباوى ئاماژەى بەوە دا، رۆژی پێنجشەممە، سەجاد سالم، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە پارێزگای واست سەردانى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى کردووە بەمەبەستى پێداچوونەوە بەو بڕیارەى دادگە و هەڵوەشاندنەوەى، لەو بارەوە ئاماژەی بەوە دا: "ئەگەر ئەو بڕیارە هەڵنەوەشێندرایەوە، ئاستى ناڕەزاییەتییەکان زیاتر دەکەین و کاردانەوەى تووندمان دەبێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە