رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى رەوتى حکیمە دەڵێت، سەردانى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ ئەمریکا "گرنگە" و دەبێت پاڵپشتی بکرێت، داواش لە سەرکردە سیاسییەکان دەکات کۆبوونەوەیەکى ئاست باڵا رێکبخەن بۆ پێداچوونەوە بە ئەزموونى سیاسیى رابردوو.
عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمەى نیشتیمانى لە گوتاری جەژنی رەمەزاندا، ئەمڕۆ لە بەغدا رایگەیاند، "لە دوو دەیەى رابردوودا عێراق بە ئەزموونى سیاسى و وێستگەى مەترسیداردا تێپەڕى کە هێندەی نەما سەرجەم قوربانى و دەستکەوتەکان لەدەستبچن"، مانەوەى ئەو دەستکەوتانەشى بەستەوە بە هەوڵى مەرجەعیەت و دڵسۆزیى ھێزە سیاسییەکان لە خستنەپێشى بەرژەوەندیى وڵات.
عەمار حەکیم گوتی، بە هەوڵى حکومەت و هێزە ئەمنییەکان لە وەزارەتى بەرگرى، ناوخۆ، پێشمەرگە، حەشدی شەعبی و دەزگاى هەواڵگرى توانراوە دۆخى ئەمنى بپارێزرێت و داوای لە سەرکردە سیاسییەکان کرد کۆبوونەوەیەکى ئاست باڵا رێکبخەن بۆ سوودوەرگرتن لەو دۆخە "ئەرێنییە"ی ئێستا هەیە بۆ پێداچوونەوە بە ئەزموونى سیاسیى رابردوو لە عێراق.
سەرۆکی رەوتی حیکمە داوای لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق کرد کە پەیماننامەیەکى نیشتیمانیى ستراتیژى ئامادە بکەن بۆ دیاریکردنى ئەو رێکارانەى یارمەتیدەری پاراستنی بەرژەوەندیی باڵاى وڵاتن.
سەرۆکى رەوتى حکیمە ئاماژەى بە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەى محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا کرد و گوتى، "ئەو سەردانە گرنگە و دەبێت جێگەى پاڵپشتی و کۆدەنگى بێت تاوەکو حکومەت بتوانێت بەشێوەیەکى ئاسان دیالۆگ و دانوستاندن لەبارەى ئاییندەى پەیوەندییەکانى عێراق و ئەمریکا بکات."
بڕیارە 15ـی نیسان، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کۆشکى سپى لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا کۆببێتەوە، دواى ئەوەى بە سەرۆکایەتى شاندێک دەگاتە ئەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ