خۆڵبارینێکی چڕ عێراق دەگرێتەوە و هۆشداری دەدرێتە شوفێران

10-04-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خۆڵبارینێکی چڕ چەند ناوچەیەکی عێراق دەگرێتەوە و هاتووچۆی ئەنبار هۆشداری دەداتە شوفێران. کەشناسی دەڵێت، لە هەولێر و دهۆک ئەگەری باران هەیە.
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 10ـی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای عێراق ئاسمان هەور دەبێت، ئەگەری باران هەیە لە باکووری هەولێر و دهۆک، بەڵام ئەو ئەگەرە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور لاوازە.
 
بەگوتەی گوتەبێژی دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، خۆڵبارینێکی چڕ رۆژئاوای عێراقی گرتووەتەوە، مەودای بینین بۆ کەمتر لە کیلۆمەترێک کەمبووەتەوە و لە ناوچەکانی دیکە مەودای بینین یەک بۆ دوو کلیۆمەتر دەبێت، بۆ شەوەکەی بەرەو باشتر دەڕوات.
 
بای باکووری رۆژئاوا خێراییەکەی 30-40 کیلۆمەتر دەبێت و هەندێک کات دەگاتە 60 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، ئەوەش تەپ و تۆز و خۆڵبارین دروست دەکات.
 
لەوبارەوە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای ئەنبار، هۆشداری دەداتە شوفێران، کە ئاگاداری خۆیان بن و مەودای بینین زۆر کەم دەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە