مامۆستایەکى زانکۆى تکریت پاسەوانێکی زانکۆکەی دەکوژێت

10-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

مامۆستایەکى زانکۆ لە تکریت، بە ئۆتۆمبێلەکەى لە پاسەوانێک دەدات و دواى سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات. وەزارەتى خوێندنى باڵا مامۆستاکە لەسەر کار لادەبات کە ئێستا لەیەکێک لە بنکەکانى پۆلیسى پارێزگاکە دەستبەسەرە.
 
بە گوێرەى بەدواداچوونى تۆڕى میدیایی رووداو، ئەو کوڕەى گیانى لەدەستداوە ناوى مستەفا عامرە و تەمەنى 24 ساڵە، خوێندکارى قۆناخى چوارى کۆلێژى یاسای ئێواران بووە لە زانکۆى تکریت و خەڵکى قەزاى بێجى سەر بە سەلاحەدینە. مامۆستاکە ناوى عومەر فەلاح جبورییە و مامۆستایە لەو زانکۆیە.
 
بە گوتەى دوو سەرچاوەى ئەمنى باڵاى سەلاحەدین کە بۆ رووداو قسەیان کردووە، ئەو مامۆستایە لە ئۆتۆمبێلێکى جۆرى ناڤاراى جام رەشدا بینرانەوە کە گوایە کچێکى لەگەڵدا بووە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا کە لە یەکێک لە پارکەکانى زانکۆکە بووە، کاتێک پاسەوانانى زانکۆکە گومانیان لە ئۆتۆمبێلەکە کردووە و لێى نزیکبوونەتەوە، بۆ دەرباز بوون بە ئۆتۆمبێلەکەی لە یەکێک لە پاسەوانەکانى داوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ى نیسانى 2025، یاسین داودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو مامۆستایە و پاسەوانى زانکۆکە کێشە لەنێوانیان روویداوە و مامۆستاکەى زانکۆ بە ئۆتۆمبێلەکەى لێیداوە، بێهۆش بووە و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە."
 
یاسین داودى گوتى: "ئەو کەسەى گیانى لە دەستداوە خەڵکى پارێزگاى سەلاحەدینە و مامۆستاکەش لە کۆلێژى وەرزشیی زانکۆى تکریتە" .
 
رووداوەکە رۆژى دووشەممە، 7ى نیسان روویداوە و بەهۆیەوە زیان بەر سەر و بڕبڕەى پشتى پاسەوانەکە کەوتووە و بێهۆش بووە، سەرەتا براوەتە نەخۆشخانەى تکریت و دواتر گوێزراوەتەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، بەڵام ئەمڕۆ 10ى نیسان گیانى لەدەستداوە. 
 
دواى رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان ئەو مامۆستایەیان لە ناو زانکۆ دەستگیرکردووە و ئێستا لە بنکەى پۆلیسى تکریت دەستبەسەرە. 
 
زانکۆى تکریت لەراگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو رووداوە پێکهێناوە و لە 48 کاژێردا کارەکەیان بەجێگەیاندووە و سەردانى نەخۆشەکەیان لە هەولێر کردووە و ئەو مامۆستایەش کە ئەو کارەى کردووە دەستگیرکراوە. 
 
 ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ى نیسان، نەعیم عەبوودى، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراق فەرمانى لەکارلادانى ئەو مامۆستایەى زانکۆى تکریت دەرکرد. 
 
لە نووسراوى ئەو بریارەدا هاتووە، لادانەکەى بەهۆى ئەوە بووە کە کارێکى مەترسیدارى ئەنجامداوە کە مانەوەى لە خزمەتدا زیان بە بەرژەوەندیى گشتى دەگەیێنێت، بەهۆى پارێزگارینەکردن لە شەرەفمەندى وەزیفەى گشتى و لەبەرچاو نەگرتنى لایەنى پەروەردەیی کە پێویستە تێیدا بنەماکانى هەڵسوکەوتى ئەخلاقى لەبەرچاو بگیرێت، کە لەگەڵ سروشتى کۆمەڵگەى عێراقى بگونجێت."
 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە