رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا بەشداری دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار نەکات. فراکسیۆنی دەوڵەتی یاساش بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی بەشداری دانیشتنەکە ناکات.
رۆژی هەینی، 10ی نیسانی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هەوڵدان بۆ "سەپاندنی ئەمری واقیع" و تێپەڕاندنی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەبێ گەڕانەوە بۆ بنەماکانی سازان و هاوبەشی، پاشەکشەیەکی مەترسیدارە لەو لێکتێگەیشتنە دەستوورییانەی پڕۆسەی سیاسیی وڵاتیان لەسەر بونیاد نراوە.
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "پۆستی سەرۆککۆمار و بەربژێری سەرۆکوەزیران، دوو پرسی نیشتمانیی دانەبڕاون و دەبێت وەک یەک پاکێجی تەواوکار، لە چوارچێوەی سازان و دیالۆگێکی جیدی و گشتگیردا یەکلایی بکرێنەوە."
پارتی رەتی دەکاتەوە بەربژێری پۆستەکان بەبێ رێککەوتنی پێشوەختە بسەپێنرێن و ئاماژە بەوە دەکات کە "پەراوێزخستنی هاوبەشە سەرەکییەکان" زیان بە پڕۆسەی سیاسی دەگەیێنێت.
فراکسیۆنی پارتی باس لەوە دەکات: "لەپێناو پاراستنی رێڕەوی دەستووری و دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی پڕۆسەی سیاسی، بڕیارمان دا بە بەشدارینەکردنی خۆمان لە دانیشتنی سبەینێ،" هەروەها هۆشداریش دەدات کە هەر هەنگاوێک لە نەبوونی سازانی نیشتمانیدا بنرێت "تەنیا دەبێتە هۆی ئاڵۆزکردنی زیاتری دیمەنە سیاسییەکە و دۆخەکە بەرەو نادیاری دەبات."
هەر ئەمڕۆ فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بەهۆی هەبوونی ناکۆکییە جەوهەرییەکانی نێوان لایەن و پێکهاتەکانی پڕۆسەی سیاسی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پشتگیریی خۆی بۆ دواخستنی دانیشتنەکەی سبەینێ و بەشدارینەکردن تێیدا رادەگەیەنێت، ئەمەش لەبەر بڕوابوون بە پێویستیی رەخساندنی کەشێکی ئەرێنی کە ئەنجامێکی بەرپرسانە لە بەرژەوەندیی وڵاتدا مسۆگەر بکات."
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە، 11-04-2026ی دیاریکردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق.
تاوەکو ئێستا دیار نییە رێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان ئامادەی دانیشتنەکە دەبن یان نا. بەگوێرەی دەستوور بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە پێویستی بە ئامادەبوونی 220 ئەندامە لە 329 ئەندامی پەرلەمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ