رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیێنێت، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی پارێزگاکە دەگاتە 940 هەزار تۆن و بەشی خۆبژێویی پارێزگاکە دەکات.
رەبیع یوسف، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای نەینەوا رۆژی شەممە، 10-06-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، پرۆسەی دروێنە و رادەستکردنی گەنمی جووتیاران بەردەوامە، تائێستا زیاتر لە 300 هەزار تۆن گەنم رادەستکراوە، چاوەڕێ دەکرێت بەشی خۆبژێوی بکات، چونکە بارانبارینی ئەم دواییانە پێشبینییەکانی بەرهەمهێنانی گەنمی تێپەڕاند.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای نەینەوا گوتی: "بەپێی ئەو بڕە گەنمەی کە رۆژانە رادەستدەکرێت، پێشبینی دەکەین بەرهەمی گەنم تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە بگاتە 940 هەزار تۆن".
حەیدەر نووری، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رۆژی 28ـی نیسانی 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عێراق ساڵانە پێویستی بە 4 ملیۆن و 600 هەزار تۆن گەنمە، پێشبینی دەکەین ئەمساڵ بگاتە 4 ملیۆن تۆن".
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رۆژی 05-06-2023 رایگەیاند، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ 90٪ـی پێویستیی بەشەئاردی مانگانەی خۆراک پڕدەکاتەوە و بڕە پارەیەکیش بۆ هاوردەکردنی گەنم تەرخانکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ