رووداو دیجیتاڵ
دووشەممەی داهاتوو دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێی دوو سکاڵا دەکات لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی پێنجشەممە، 10ـی تەممووزی 2025، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی خشتەی دادبینیی هەفتەی داهاتووی بڵاوکردەوە، تێیدا لەسەر دوو سکاڵای پەیوەست بە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە".
لەبارەی سکاڵای یەکەم، سۆران عومەر دەڵێت: "لە سکاڵای یەکەم داوا دەکرێت کێشەی مووچە لە ناکۆکیی نێوان بەغدا و هەولێر جیابکرێتەوە، مووچە بابەتێکی سەربەخۆ بێت و لە خەرجی کرداری جیابکرێتەوە، هەروەها سکاڵا لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی عێراق تۆمارکراوە".
بە گوتەی ئەو ئەندام پەرلەمانە، سکاڵای دووەم لەبارەی دەرکردنی فەرمان سالارییە لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و گوتی: "بە ئەگەرێکی زۆرەوە دووشەممە بڕیاری لەبارەوە دەدرێت". گوتیشی: "سکاڵاکان لەلایەن پێنج فەرمانبەرەوە تۆمارکراون".
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق، رۆژی دووشەممە، 14ـی ئەم مانگە دادگەکە لەسەر سکاڵایەک دادەنیشێت کە لەلایەن سکاڵاکاران رەمەزان عەبدولڕەحمان، کاروان ئەحمەد سلێمان تۆمارکراون، سکاڵاکاران داوا دەکەن ، بڕیار بدرێت کە وەزارەتی دارایی عێراق گەرەنتی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات بەشێوەی مانگانە و بێ دواکەوتن، بێ روانین لە ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو حکومەت لەسەر راڤەی دەقە یاساییەکانی یاسای بودجەی عێراق یان هەر هۆیەکی دیکە.
هەروەها داواکراوە دادگە فەرمانسالاری دەربکات و وەزارەتی دارایی عێراق ناچار بکات بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، کەسوکاری شەهیدان ، سوودمەندانی دەستەبەری کۆمەڵایەیەتی، بەشێوەی دەستبەجێ و لەو مانگەوە تاوەکو ئەو پرسە یەکلایی دەکرێتەوە.
هەمان رۆژ دادگە سکاڵایەکی دیکەی سکاڵاکاران دلاوەر محەممەد ساڵح، زریان عەلی، سامان عەلی تاوتوێ دەکات، ئەوانیش داوا دەکەن بڕیار بدرێت بە دوورخستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سیاسییەکان و خەرجییە کردارییەکان.
هەردوو سکاڵاکە رۆژی دووشەممە 14-7-2025 یەکەم دانیشتنیان لەسەر دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ