رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، پێشنیازێکیان بۆ پەرلەمان ناردووە سەبارەت بە پێکهێنانی ئەنجوومەنی باڵای ئاو و گوتی: "عێراق بە بارودۆخێکی سەختی ئاودا تێدەپەڕێت بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانەوە."
د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، پێویستە سیاسەتی نیشتمانیی کاریگەر بگیرێتەبەر بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئاو، رێگری لە بەفیڕۆدان بکرێت، شێوازەکانی ئاودێریی مۆدێرن پەیڕەو بکرێن و تەکنیکەکانی کشتوکاڵ باشتر بکرێن، بەشێوەیەک کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی بەکاربردنی ئاو.
ئەو گوتانەی سەرۆککۆمار لە کاتی سەردانێکیدا بوو بۆ کۆڕبەندی زانستیی عێراق کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی تەممووز، ئەنجامیدا.
لەتیف رەشید گوتی، "ئاستی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات لە دەیەکانی رابردوودا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش بەهۆی ئەو سیاسەتانەى ئاو کە وڵاتانی سەرچاوە لە دروستکردنی بەنداو و پڕۆژەکاندا پەیڕەوی دەکەن و هیچ رێککەوتنێک نییە کە رێگری لەم دابەشکردنە بکات یان یاسایی بکات."
بەگوێرەی ئامارێکی فەرمیی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، ئێستا ئاوی بەردراوەی هەردوو رووباری دیجلە و فورات نزیکەی 600 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، کە نیوەی پێداویستیی عێراقە.
لەتیف رەشید هەروەها رایگەیاند، "سەرۆکایەتیی کۆمار پێشنیازێکی بۆ پەرلەمان ناردووە بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی باڵا بۆ ئاو بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان و دانانی پلانی ستراتیژی لەم بوارەدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ