بانکی رافیدەین: لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە 4 تریلیۆن دینار داهات بە ئەلیکترۆنی وەرگیراوە

10-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بانکی رافیدەین رایگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا کۆی گشتیی ئەو پارەیەی وەک باج و داهات و رسوومات بەشێوەی ئەلیکترۆنی وەرگیراوە، گەیشتووەتە زیاتر لە 4 تریلیۆن دینار و رێژەی وەرگرتنی پارە بەو شێوازە 113% زیادیکردووە.
 
بانکەکە رۆژی پێنجشەممە، 10ـی تەممووز، لە راگەیێنراوێکدا ئاماری 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵی بۆ کۆکردنەوەی داهات بەشێوەی ئەلیکترۆنی بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەى ئامارەکە، کۆی گشتی ئەو پارەیەی لە نیوەی یەکەمی 2025 بە ئەلیکترۆنی وەرگیراوە، 4.03 تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی 2024ـدا نزیکەی 1.89 ترلیۆن دینار بووە. بەوەش کۆکردنەوەی داهات و رسوومات و باج لەو رێگەیەوە بە رێژەی 113% زیادی کردووە.
 
ئەو پارەیە لەلایەن هاووڵاتییان و کۆمپانیاکانەوە لە رێگەی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە لە دامەزراوە و وەزارەتە عێراقییەکاندا دراون.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، مانگی ئایاری رابردوو 761 ملیار دینار بە شێوازی ئەلیکترۆنی کۆکراوەتەوە، کە زۆرترین بووە لەو 6 مانگەدا؛ لەکاتێکدا لە مانگی ئایاری 2024، ئەو بڕە پارەیەی بە هەمان رێگە کۆکرابووەوە، 571 ملیار دینار بوو.
 
بانکی رافیدەین ئاماژەی بەوەشداوە، ژمارەی ئەو دامەزراوە حکومییانەی سیستمی ئەلیکترۆنییان بۆ وەرگرتنی پارە کارا کردووە، تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیرانی 2025 گەیشتووەتە 1,979 دامەزراوە، لەکاتێکدا تاوەکو مانگی کانوونی دووەمی 2024، ژمارەیان 1,395 دامەزراوە بوو.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی عێراق، لە چوار مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، تێکڕای داهاتی عێراق 28 تریلیۆن و 55 ملیار و 781 ملیۆن و 571 هەزار و 987 دینار بووە. لەم بڕە، 24 تریلیۆن و 944 ملیار و 948 ملیۆن و 978 هەزار و 749 دیناری داهاتی نەوت بووە و داهاتی نانەوتیش سێ تریلیۆن و 110 ملیار و 832 ملیۆن و 593 هەزار و 238 دینار بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە