رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق سکاڵایەک رەتدەکاتەوە کە پارێزگایەکى عێراق لە دژى وەزارەتى دارایی و نەوت کردوویەتی بۆ ئەوەى دوو تریلیۆن دینارى پارەى پترۆ دۆلارى پێنج ساڵى بۆ بگەڕێندرێتەوە.
دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لە 9ى ئابى 2023 تاوتوێى سکاڵایەکى کردووە کە پارێزگارى واست لە دژى هەریەک لە وەزیرانى دارایی و نەوتى عێراق کردوویەتی و تێیدا داواى کردووە کە دوو تریلیۆن دینارى پارەى پترۆ دۆلارى بۆ بگەڕێندرێتەوە کە بودجەى ساڵانى 2016، 2017 ،2018 ،2019 و2021 بۆ پارێزگاکە خەرج نەکراوە، بەڵام دادگە سکاڵاکەى رەتکردەوە.
بەگوێرەى ئەنجامى دانیشتنەکە، کە لە خشتەى کۆبوونەوەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى بڵاوکراوەتەوە، هۆى رەتکردنەوەى ئەو سکاڵایە ئەوە بووە کە یاسای بودجەى گشتى عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025 پەسەند کراوە، کە چارەسەرى ئەو پرسەى کردووە.
بەگوێرەى بڕگەى یەکەمى مادەى دووى یاسای بودجەى گشتى عێراق، دەبێت 5٪ى داهاتى نەوت یان گازى بەرهەمهێندراو لە هەر پارێزگایەک بۆ هەمان پارێزگا خەرج بکرێتەوە، ئەوەشى پەیوەندارە بە پشکى ئەو بودجەیە لەساڵانى رابردوودا، لەدواى وردبینیکردنى لەلایەن دیوانى چاودێرى دارایەوە پاکتاو دەکرێت.
10ى ئابى 2023 ،باسم غرێباوى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى پارێزگاى واست بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو بڕیارەى دادگە بۆ رەتکردنەوەى سکاڵاکە پشتى بە یاسایەکى کارا بەستووە کە یاساى بودجەى گشتییە و دەبێت حکومەت ئەو بڕە پارەیە خەرج بکات کە وەک بودجەى پترۆ دۆلارى واست لەسەرى کەڵەکە بووە و لە بوجەدا هاتووە.
باسم غرێباوى گوتیشى: "ئەو بڕەپارەیە مافى پارێزگاى واستە کە پێویستى بە خزمەتگوزاری زۆرە و لە چەند ساڵى رابردوودا ستەمى لێکراوە".
لە سنوورى پارێزگاى واست دوو کێڵگەى نەوتى ئەحدەب و بەدرە هەن، بە هەردووکیان رۆژانە زیاتر لە 220 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ