رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، 20ى ئابى دیاریکردووە وەک دوا وادە بۆ پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و لە ماوەى 15 رۆژدا وردبینى لە ناوەکانیاندا دەکرێت.
10ى ئابى 2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: 20ی ئاب، دوا وادەیە بۆ پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و تائێستا زۆرینەى پارت و هاوپەیمانێتییەکان لیستى ناوى بەربژێرانیان پێشکێش نەکردووە و تەنیا 14 بەربژێرى سەربەخۆ ناویان تۆمارکردووە.
15ى تەممووز، ناوتۆمارکردنى بەربژێرانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان دەستیپێکرد و لە 1ى ئەیلوول تیروپشکى ژمارەى بەربژێر و هاوپەیمانێتییەکان دەکرێت.
عیماد جەمیل گوتیشى: "لەماوەى 15 رۆژدا لەدواى داخستنى دەرگاى پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران، وردبینى لە ناوەکانیاندا دەکرێت لەرێگەى وەزارەتى ناوخۆ، دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى، وەزارەتى پەروەردە، دواتر ناوەکانیان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە پەسند دەکرێت".
ژمارەى ئەو هاوپەیمانێتیانەى کە لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژادنەکان تۆمارکراون گەیشتووەتە 52 هاوپەیمانى کە 32یان نوێن.
لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 و بۆ یەکەمجار لەدواى 10 ساڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەکرێت، یەکەمجاریشە لە دواى 18 ساڵ ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ