رووداو دیجیتاڵ
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە راگەیێندراوێکدا رادەگەیێنێت، ئەو پیلانانەی دوژمنان دژیان دایانڕشتبوو، ئێستا "بە دەستی عێراقی و گوشاری نێوخۆیی" جێبەجێ دەکرێن و دەڵێن، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی فەرمانگەی کشتوکاڵی بەغدا "کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا ئاماژە بەوە دەکات، کە لە دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق تاوەکو هێرشی داعش، "بەرگرییەکی پتەویان" لە سەروەریی عێراق و شکۆی گەلەکە کردووە و لەو پێناوەشدا زیاتر لە چوار هەزار کوژراو و برینداریان داوە.
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا دەڵێت، ئەمە "بەدڵی دوژمنی ئەمریکی و شوێنکەوتووانی نەبووە، بۆیە بەدرێژایی ساڵان تۆمەتیان بۆ هەڵبەستووین".
دەشڵێت: "ئەوەی ئازاربەخشە، ئەوەیە کە لە خزمانەوە دێت... ئەوەی دوژمنان پێیان نەکرا."
ئەو گرووپە شیعەیە رایدەگەیێنێت، "ئێستا پیلانەکان بە دەستی عێراقی و گوشاری نێوخۆیی جێبەجێ دەکرێن، کە دواترینیان ئەو کاریگەرییە بوو کرایە سەر لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی فەرمانگەی کشتوکاڵی بەغدا، بۆ ئەوەی خزمەت بە ئامانجەکانی دوژمنان بکات."
بە گوتەی حیزبوڵڵا لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی رێککەوتبوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی بێلایەن بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، چونکە "ناکرێت نەیار خۆی دادوەر بێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، یەکەم کوژراوی رووداوەکە، کە بە "تەقەی چڕ و هەڕەمەکیی هەندێک هێزی ئەمنی" کوژرا، چەکدارێکی لیواکانی حەشدی شەعبی بووە، هاوکات هاووڵاتییەکی سڤیل و کارمەندێکی پۆلیسی فیدراڵیش کوژراون.
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بەردەوام دەبن و لە هەڵوێستی خۆیان پاشگەز نابنەوە "لە داوای کشانەوەی هێزەکانی داگیرکەر و فڕۆکەکانیان و دەرچوونیان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە ئەیلوولی 2025" دەشڵێت: "ئەو رەفتارە هەڵچووانە ساردمان ناکاتەوە لە داواکارییە ئەخلاقی و شەرعییەکەمان."
ئەوە لەکاتێکدایە دوێنێ شەممە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی فەرمانگەی کشتوکاڵ لە بەری کەرخی شاری بەغدا، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی بڵاوکردەوە.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رایگەیاند، لەسەر فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیران، لیژنەی تایبەتمەند بە لێکۆڵینەوە لە رووداوی دەستدرێژییە تاوانکارانەکەی سەر فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرخ لە 27ی تەممووزی 2025، کارەکانی تەواو کردووە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، رووداوەکە بەهۆی بوونی هێزێکی چەکداریی نایاسایی لەنێو فەرمانگەیەکی حکومیی مەدەنی، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی چەند کەسێکی بێتاوان.
رووداوەکە هاوکات بوو لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرێکی نوێ لە فەرمانگەیەکی کشتوکاڵ لە بەری کەرخی بەغدا؛ ژمارەیەک چەکداری سەر بە دوو لیوای حەشدی شەعبی هەڵیانکوتایە سەر فەرمانگەکە و بەهۆیەوە 14 چەکدارى هەردوو لیواى 45 و 46ى حەشدی شەعبی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
لە رووداوەکەی بەغدا کارمەندێکى پۆلیسی فیدراڵى بە پلەى رێگەپێدراو بەناوى غەزوان کەریم سەلمان روبەیعی و کەسێکی سڤیل کوژران.
لە نێوەڕۆکی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەدا هاتووە، ئەو چەکدارانەی کە ئەم پێشێلکارییەیان کردووە، سەر بە پێکهاتەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵان و کارمەندی لیواکانی 45 و 46ی حەشدی شەعبین.
"بەڕێوەبەری لەکارلادراوی کشتوکاڵ دەستی لە رووداوەکەدا هەبووە"
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەبارەی تێوەگلانی بەڕێوەبەری لەسەر کار لادراوی فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرخ، بە ناوی (ئیاد کازم عەلی) لەم رووداوانەدا، لێکۆڵینەوەکان، فەرمانە کارگێڕییەکان، بەڵگەنامە فەرمییەکان و دۆسیەی کارگێڕی تایبەتی خۆی، تێوەگلانی ناوبراویان لە هاوئاهەنگیی پێشوەختە بۆ هێنانی ئەم هێزە سەلماندووە. ئەمە جگە لە تێوەگلانی لە دۆسیەکانی گەندەڵیی کارگێڕی، تاوانی خۆناساندن بە پۆستێکی دیکە، ساختەکاری لە چەندین بەڵگەنامە و بڕوانامەی فەرمیدا و، بەشداریکردن لە ساختەکردنی گرێبەستەکان، کە بووەتە هۆی زەوتکردنی زەویی کشتوکاڵی لە خاوەنە شەرعییەکانیان.
گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە راگەیێندراوەکەیدا باسی دەرکەوتنی کەموکوڕی لە دۆسیەی فەرماندەیی و کۆنترۆڵدا لەناو حەشدی شەعبی دەکات بە بوونی چەند پێکهاتەیەک کە پابەندی رێنمایی و جووڵە سەربازییەکان نابن.
بەم پێیە و لەسەر بنەمای ئەم دەرەنجامانە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رەزامەندیی نیشاندا لەسەر راسپاردەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، کە ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرن:
- لەسەرکارلادانی فەرماندەی هەردوو لیواکانی (45 و 46)ی حەشدی شەعبی لە پۆستەکانیان.
- پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوە بۆ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە لە حەشدی شەعبیدا، بەهۆی کەمتەرخەمیی لە ئەرکەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵدا.
- رەوانەکردنی هەموو ئەوانەی لە رووداوەکەدا تێوەگلاون بۆ دادگە، لەگەڵ سەرجەم پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە و هەموو بەڵگە تاوانکارییەکان.
- لێپرسینەوە لە کەمتەرخەم و خەمساردەکان لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی و ئەمنیی خێرا، بەپێی ئەو بەرپرسیارێتییانەی پێیان سپێردراوە.
- جەختکردنەوە لەسەر چارەسەرکردنی هەر حاڵەتێکی پابەند نەبوون بە رێکار و رێنماییە سەربازییەکان لە جووڵەدا لەلایەن هەندێک لە پێکهاتەکانی حەشدی شەعبییەوە و، بەهیچ شێوەیەک سزایان سووک نەکرێت و لێپرسینەوە دوا نەخرێت.
- پێداچوونەوە بە شێوازی بڵاوبوونەوەی یەکەکان و جۆر و لێهاتوویی پیشەیی و لێهاتوویی فەرماندەکانیان، لە رێگەی لیژنەیەکەوە کە لە وەزارەت و فەرماندەییە باڵا پەیوەندیدارەکان پێکدەهێنرێت.
- رێزلێنان لەو کارمەندە ئەمنییە دیارانەی کە رووبەڕووی دەستدرێژییەکە بوونەتەوە و بە لێهاتوویی و ئازایەتییەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە.
- دڵنیاییدان لە مافی شەهیدان و بریندارانی قوربانیی رووداوی دەستدرێژییەکە، لەنێویاندا هاووڵاتیی مەدەنی (عەباس عوبێد ناهی) و بە شەهید ئەژمارکردنی، بە شێوەیەک کە هەموو مافە مەدەنییەکانی پێبدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ