رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەستپێکردنی چوار پێشانگەی پسپۆڕیی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی بەغدا راگەیاند، کە ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای نێوخۆیی و بیانی کۆدەکاتەوە.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئەیلوولی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، پێشانگەی نێودەوڵەتیی بەغدا ئەم هەفتەیە میوانداریی چەندین چالاکیی پسپۆڕی دەکات کە "نیشاندەری کرانەوەی ئابووری و کەلتووریی عێراقن و پێگەی وەکو پردێکی پەیوەندی لە نێوان بازاڕ و کۆمپانیاکاندا پتەوتر دەکات."
محەممەد حەنوون، روونیکردەوە، دیارترینی پێشانگەکان، پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی بەغدایە کە ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە کرایەوە و 349 دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی وڵاتە جیاوازەکان بەشدارییان تێدا کردووە.
پێشانگەکە میوانداریی پێشانگەی وزە نوێبووەوەکان، نەوت و گاز دەکات، کە 60 کۆمپانیای نێوخۆیی و بیانی تێیدا بەشدارن و نوێترین تەکنەلۆژیای بوارەکانی وزە و وەبەرهێنانی نەوت نمایش دەکەن.
لە پێشانگەی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوەدا 98 کۆمپانیای پسپۆڕ بەشدارن. هاوکات لە پێشانگەی تەندروستیدا 141 کۆمپانیای نێوخۆیی و بیانی بەشدارن و نوێترین دەستکەوتی تەکنەلۆجیای پزیشکی و دەرمانسازی نمایش دەکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی، ئەم چالاکییانە نیشاندەری خواستی وەزارەتەکەیانە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان و بەهێزکردنی رۆڵی پێشانگەی نێودەوڵەتیی بەغدا وەکو سەکۆیەکی ستراتیژی بۆ نمایشکردنی بەرهەم و خزمەتگوزاری و ئاڵوگۆڕی شارەزایی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ